سەردێڕ:

تا جەژن شایستە داراییەکانی وانەبێژان دابەش دەکرێت

PM:07:22:10/06/2024

3744 جار خوێندراوەتەوە

نوێنەرێکی مامۆستایانی وانەبێژ بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، رۆژی پێنجشەممەی ئەم هەفتەیە و شەممەی داهاتوو، شایستە داراییەکانی مانگی ئازاری مامۆستایانی وانەبێژ دابەش دەکرێت.


ئەمڕۆ دووشەممە، عەلی رەئوف، نوێنەرێکی مامۆستایانی وانەبێژ بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، پێش جەژنی قوربان شایستە داراییەکانی مانگی ئازاری مامۆستایانی وانەبێژ دابەش دەکرێت.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو مامۆستا وانەبێژانەی هەڵگری بڕوانامەی دبلۆمن، لەنێوان ٢٥٠ هەزار بۆ ٣٥٠ هەزار دیناریان بۆ خەرج دەکرێت و بۆ هەڵگرانی بڕوانامەی بەکالۆریۆسیش، ٢٥٠ هەزار بۆ ٤٠٠ هەزار دیناریان بۆ خەرج دەکرێت.

سەبارەت بە دامەزراندن و هەمیشەییبوونی مامۆستایانی وانەبێژ باسی لەوە کرد، بۆ دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ، دەبێت وەزارەتی دارایی هەرێم لیستی مامۆستایانی وانەبێژ و ناو و زانیارییەکانیان بنێرێت بۆ وەزارەتی دارایی عێراق، دواتر وەزارەتی دارایی لە رێگەی خۆیەوە و لە رێگەی تیمی دیوانی چاودێری عێراق وردبینی بکات بۆ ئەو زانیارییانەی بۆی هاتووە، دوای ئەوە داواکارییەکە دەنێردرێت بۆ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران، هاوکات، مادەی ٦٠ لە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٣، دەسەڵاتی داوە بە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بۆ پارەدارکردنی دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ.

ژمارەی مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێمی کوردستان ٣٧ هەزار مامۆستای وانەبێژە، کرێی مانگانەیان نزیکەی ١٥ ملیار دینارە.













گەلەری