AM:09:22:10/06/2024
1748 جار خوێندراوەتەوە
وەزیرێکی کابینەی جەنگی ئیسرائیل دەستى لە حکومەتی فریاگوزاریی کێشایەوە و داواشى لە سەرۆک وەزیران کرد وادەیەک بۆ هەڵبژاردن دیاری بکات.
بێنى گانتز لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنووسیدا دەستلەکارکێشانەوەی خۆی راگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد، ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رێگرە لە نزیکبوونەوەیان لە سەرکەوتنی راستەقینە لە جەنگی غەززە، کە ئەمەش پاساوە بۆ ئەو قەیرانە ئازاربەخشە بەردەوامە.
گانتز کە
لەلایەن هەندێکەوە بە رکابەرییەکی دەسەڵات لە ئیسرائیل دادەنرێت، داوای لە ناتانیاهۆ
کرد وادەیەک بۆ هەڵبژاردنەکان دیاری بکات و یائیر لاپید سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنیش پشتگیری
لە بڕیارەکەی گانتز کرد.
بەڵام بنیامین
ناتانیاهۆی سەرۆک وەزیران لە تۆڕی کۆمەڵایەتى ئێکس وەڵامی دایەوە و رایگەیاند،
" ئێستا کاتی وازهێنان لە هەڵمەتی جەنگ نییە بەڵکو کاتی یەکخستنی هێزەکانە".
ئەوەش لەکاتێکدایە، جەنگی نێوان
حەماس و ئیسرائیل لە رۆژی ٧ـی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە سەری هەڵداوە و ماوەی
زیاتر لە هەشت مانگە جەنگەکە بەردەوامە. هاوکات بەهۆی جەنگەکەوە تا ئێستا بە هەزاران کەس
لە هەردوولا گیانیان لەدەستداوە و بە هەزارانیش بریندار بوون.