سەردێڕ:

جۆ بایدن: بۆ پێکهێنانی ئاگربەست ئیسڕائیل پێشنیارێکی خستووەتە روو

PM:09:37:31/05/2024

2656 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئیسڕائیل پێشنیارێکی خستووەتە روو بۆ پێکهێنانی ئاگربەست لە غەززە بە سێ قۆناغ، کە لە قۆناغی یەکەمدا ئیسڕائیل و حەماس گفتوگۆ دەکەن بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و لە قۆناغی دووەمیشدا دیلەکان ئاڵوگۆڕ دەکرێن و سوپای ئیسرائیل دەکشێتەوە، هەروەها لە قۆناغی سێیەمدا دەست دەکرێت بە ئاوەدانکردنەوەی غەززە.


ئەمڕۆ هەینی، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، هەوڵەکانیان بۆ پێکهێنانی ئاگربەستێکی هەمیشەیی لە غەززە چڕتر کردووەتەوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، لەلایەن ئیسڕائیلەوە پێشنیارێکی سێ قۆناغی پێشکەش کراوە بۆ پێکهێنانی ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکان و گەڕانەوەی فەڵەستینییەکان بۆ سەر ماڵ و ژیانی خۆیان.

ئەوەشی خستە روو، لە قۆناغی یەکەمدا ئیسڕائیل و حەماس دانوستان و گفتوگۆ دەکەن بۆ رێککەوتن لەسەر کۆتایی هێنان بە شەڕ و لە قۆناغی دووەمیشدا بارمتەکان ئاڵوگۆڕ دەکرێن و سوپای ئیسڕائیل لە کەرتی غەززە دەکشێتەوە، هەروەها لە قۆناغی سێیەمدا رێککەوتن دەکرێت لەسەر دووبارە بنیادنانەوەی کەرتی غەززە.

باسی لەوەش کرد، ئەگەر حەماس رێکنەکەوێت لەسەر پێشنیارەکانی ئیسڕائیل ئەوا ئیسڕائیل درێژە بە شەڕ دەدات لە کەرتی غەززە.

پێشتر، حەماس رەزامەندی دەربڕی لەسەر مەرجەکانی میسر و قەتەر بۆ پێکهێنانی ئاگربەست لە کەرتی غەززە کە لە قۆناغی یەکەمدا ئاگربەست بۆ ماوەی ٤٢ رۆژ و چەند بارمتەیەک ئازاد بکرێن و سوپای ئیسڕائیل لە غەززە بکشێتەوە و لە قۆناغی دووەمدا ئاگربەست بۆ ماوەی ٤٢ رۆژ درێژ بکرێتەوە و سەرجەم هێزەکانی ئیسڕائیل لە غەززە بکشێنەوە و تەواوی بارمتەکان ئازاد بکرێن، لە قۆناغی سێیەمیشدا دەست بە ئاوەدان کردنەوەی غەززە بکرێت بە سەرپەرشتی میسر و قەتەر، هەروەها سەرجەم گەمارۆکان لەسەر کەرتی غەززە لاببرێن، بەڵام ئیسڕائیل رازی نەبوو بە مەرجەکان.

جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە رۆژی ٧ـی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە سەری هەڵداوە و ماوەی زیاتر لە هەشت مانگە جەنگەکە بەردەوامە، بەپێی دوایین ئامارەکان تاوەکو ئێستا زیاتر لە ٣٦ هەزار کەس لە کەرتی غەززە گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ٨١ هەزار کەسیش بریندار بوون. هاوکات، بەپێی ئامارەکانی حکومەتی ئیسرائیل تاوەکو ئێستا هەزار و ١٣٩ کەس لە ئیسرائیل گیانیان لەدەستداوە و هەشت هەزار و ٧٣٠ کەسی دیکەش بریندار بوون.













گەلەری