سەردێڕ:

لە کۆی ١٩٣ وڵات؛ ١٤٥ وڵات پشتگیریی لە پێکهێنانی دەوڵەتی فەڵەستین دەکەن

PM:03:56:28/05/2024

2380 جار خوێندراوەتەوە

ئیسپانیا و ئێرلەندا و نەرویج بە فەرمی رایانگەیاند، پشتگیریی لە پێکهێنانی دەوڵەتی فەڵەستین دەکەن کە پایتەختەکەی قودسی رۆژهەڵات بێت، لە بەرامبەریشدا ئیسڕائیل جەختی کردەوە هەر وڵاتێک ئەو هەنگاوە بنێت ئەوا پەیوەندییەکانی لەگەڵدا دەپچڕێنن.


تا دێت دانپێدانانی وڵاتان بە دەوڵەتێک بۆ فەڵەستینییەکان کە کەناری رۆژئاوا و کەرتی غەززە لەخۆبگرێت و پایتەختەکەی قودسی رۆژهەڵات بێت زیاتر دەبێت.

لە نوێترین پێشهاتدا هەریەک لە ئیسپانیا و ئێرلەندا و نەرویج لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا بە فەرمی پشتگیریی لە مافی پێکهێنانی دەوڵەتێک دەکەن بۆ گەلی فەڵەستین و هەرسێ وڵاتیش هیوایان خواست ئەو هەڵوێستەیان کە رەهەندێکی رەمزی هەیە، وڵاتانی دیکە هانبدات هەمان هەنگاو بنێن.

پیدرۆ سانشێز سەرۆک وەزیرانی ئیسپانیا رایگەیاند، هەموو گۆڕانکارییەکی جوگرافی لە سنوری ساڵی ١٩٦٧ رەتدەکەنەوە ئەگەر سەرجەم لایەنە ناکۆکەکان لەسەری رێکنەکەون. وتیشی، تاکە چارەسەر بۆ چەسپاندنی ئاسایشی هەمیشەیی لە ناوچەکە پێکهێنانی دوو دەوڵەتە بۆ ئیسڕائیل و فەڵەستینییەکان.

لە بەرامبەریشدا بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسڕائیل ئاماژەی بەوەکرد، دانپێدانانی ئەو سێ وڵاتە بە دەوڵەتی فەڵەستین (خەڵاتێکە بۆ تیرۆریستەکان)، وەک دەبربڕینی ناڕەزایەتیش بانگهێشتی باڵیۆزی هەرسێ وڵاتی کردووە.

بەڵام جۆزیپ بۆریل بەرپرسی سیاسەتە دەرەکییەکانی یەکێتی ئەوروپا ئاماژەی بەوەکردووە، دانپێدانان بە دەوڵەتی فەڵەستین خەڵاتێک نابێت بۆ گروپە چەکدارە فەڵەستینییەکان، بەڵکوو بەدیهێنانی دادپەروەرییە بۆ ئەو گەلە چەوساوەیە.

ئەوە لە کاتێکدایە، ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی رابردوو هەریەک لە ئیسپانیا و نەرویج رۆڵی بەرچاویان گێڕابوو لە پڕۆسەی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە ساڵی ١٩٩١ ئیسپانیا پێشوازیی لە کۆنگرەی ئاشتی کردبوو، ساڵی ١٩٩٣ یش لە نەرویج رێککەوتننامەی ئۆسلۆ لەنێوان ئیسڕائیل و رێکخراوی ئازادیخوازی فەڵەستین واژۆکرا.

لە لایەکی دیکەوە سلۆڤینیا و ماڵتا کە هەردووکیان ئەندامی یەکێتی ئەوروپان، خواستی خۆیان نیشانداوە بە هەمان شێوەن دانبنێن بە پێکهێنانی دەوڵەتێکی سەربەخۆ بۆ گەلی فەڵەستین.

بەڵام ئەم بابەتە ناکۆکی قوڵی لە ناو یەکێتی ئەوروپا دروست کردووە، بەو پێیەی هەندێک ئەندام وەک فەڕەنسا دەڵێت کاتەکەی گونجاو نیە و ئەڵمانیاش جەخت دەکاتەوە کە لە دوای رێککەوتنی هەردوولایەنی ئیسڕائیل و فەڵەستین هەنگاوێکی لەو جۆرە دەنێت.

تا ئێستاش لە کۆی ١٩٣ وڵاتی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان ١٤٥ یان دانیان ناوە بە دەوڵەتی فەڵەستین، کەهێشتا و ئەمریکای باکور و ئوسترالیا و کۆریای باشور و زۆربەی وڵاتانی ئەوروپای رۆژئاوای لەخۆ نەگرتووە.













گەلەری