سەردێڕ:

ئەنجوومەنی باڵای گۆڕانکارییەکانی دەستووری ئێران: جێگرەکەی رەئیسی دەستبەکار دەبێت

AM:10:42:20/05/2024

4612 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی ئەنجوومەنی باڵای گۆڕانکارییەکانی دەستووری ئێران رایگەیاندووە، دوای رەزامەندی رێبەری باڵای ئیسلامی ئێران، جێگرەکەی ئەرکی سەرۆکایەتی کۆمار دەگرێتە ئەستۆ و دەستبەکار دەبێت.


وتەبێژی ئەنجوومەنی باڵای گۆڕانکارییەکانی دەستووری ئێران رایگەیاندووە، محەمەد موخبەر جێگری یەکەمی سەرۆک کۆماری ئێران پاش رەزامەندی عەلی خامنەیی رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران، ئەرکی سەرۆکایەتی کۆماری دەگرێتە ئەستۆ و دەستبەکار دەبێت.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، پڕکردنەوەی جێگای سەرۆکایەتی بەپێی دەستوور بەبێ هیچ گرفتێک ئەنجام دەدرێت.

وتووشییەتی، لیژنەیەک لە جێگری سەرۆک کۆمار و سەرۆکی پەرلەمان و دەسەڵاتی دادوەری بۆ بەڕێوەبردنی وڵات و ئەنجامدانی هەڵبژاردن پێکدەهێنرێت.

پاشنیوەڕۆی دوێنێ یەکشەممە، هەواڵی دیارنەمانی هێلیکۆپتەری سەرۆک کۆماری ئێران لەکاتی گەشتێکدا بڵاوکرایەوە پاش نزیکەی ١٠ کاتژمێر لە گەڕان بە دوایدا، پاشماوەی هێلیکۆپتەرەکە لە ناوچەی دارستانی دیزمار لەنێوان گوندەکانی ئاوزی و پیرداوددا دۆزرایەوە.

دوابەدوای رووداوەکە ئەوە راگەیەنرا، بەهۆی خراپی دۆخی کەشوهەواوە هێلیکۆپتەرەکە کەوتووەتە خوارەوە، کە بۆ کردنەوەی بەنداوێک لە پارێزگای ئازەربایجانی رۆژهەڵات چووبوو و لە رێگای گەڕانەوەیاندا رووداوەکە روویدابوو.

بەهۆی رووداوی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەوە ئیبراهیم رەئیسی سەرۆک کۆمار و وەزیری دەرەوە و حەوت کەسی دیکە گیانیان لەدەستدا.













گەلەری