سەردێڕ:

تیمەکانی فریاگوزاری پاشماوەی هێلیکۆپتەرەکەی سەرۆک کۆماری ئێرانیان دۆزیوەتەوە؟

PM:09:22:19/05/2024

60396 جار خوێندراوەتەوە

یاریدەدەری جێبەجێکاری سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند، پەیوەندییان بە دوو کەسەوە کردووە کە لەناو هێلیکۆپتەرەکەی سەرۆک کۆماری ئێراندا بوون.تەلەفیزیۆنی فەرمی ئێرانیش بڵاوی کردەوە، هێشتا پاشماوەی هێلیکۆپتەرەکەیان نەدۆزیوەتەوە.


ئەمڕۆ یەکشەممە، یاریدەدەری جێبەجێکاری سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند، لەلایەن هێزەکانی سوپا و سوپای پاسداران و پۆلیسەوە، شوێنی ئەو هێلیکۆپتەرە دیاری کرا کە سەرۆک کۆماری تێدابوو.

ئاماژەی بەوەش کرد، پەیوەندییان بە دوو کەسەوە کردووە کە لەناو هێلیکۆپتەرەکەی سەرۆک کۆماری ئێراندا بوون.

لای خۆشیەوە، ئاژانسی رۆیتەرز بڵاوی کردەوە، تیمەکانی فریاکەوتنی ئێڕان لە شوێنی رووداوەکە پاشماوەی فڕۆکەکەی سەرۆک کۆماری ئێرانیان دۆزیوەتەوە.
لە لایەکی دیکەشەوە، تەلەفیزیۆنی فەرمی ئێران رایگەیاند، تیمەکانی فریاگوزاری گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە بەڵام هێشتا پاشماوەی هێلیکۆپتەرەکەیان نەدۆزیوەتەوە

ئەمڕۆ، میدیاکانی ئێران بڵاویان کردەوە، دوای ئەوەی رۆژی رابردوو ئیبراهیم رەئیسی و چەند بەرپرسێکی دیکەی ئێران بەمەبەستی کردنەوەی بەنداوێک لە شاری تەبرێز لە ئازەبایجانی رۆژهەڵات، ئەمڕۆ لەکاتی گەڕانەوەیاندا ئەو هێلیکۆپتەرەی ئیبراهیم رەئیسی تێدابوو بەهۆی نالەباری دۆخی کەشوهەوا و بارانبارینی سەختەوە دیار نەما.

ئاماژە بەوەش کراوە، هێلیکۆپتەرەکە لە ناوچەی دارستانی دیزمار لەنێوان گەندەکانی ئاوزی و پیرداوددا دیار نەماوە و تاوەکو ئێستا نەدۆزراوەتەوە.

لای خۆشیەوە، ئەحمەد وەحیدی وەزیری ناوخۆی ئێران رایگەیاند، تیمەکانی فریاگوزاری ڕەوانەی ناوچەکە کران، بەڵام بەهۆی سەختی کەشوهەوا، ڕەنگە ماوەیەک بخایەنێت تا بگاتە کۆپتەرەکە.


 













گەلەری