سەردێڕ:

پەروەردەی سلێمانی: لەم پشووی هاوینەدا خولی بەهێزکردن بۆ خوێندکاران دەکرێتەوە

AM:09:32:19/05/2024

3904 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ یەکشەممە، تاقیکردنەوەی پۆلە ناکۆتاکان لە هەرێم دەستی پێکرد و بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانیش باس لەوەدەکات، خوێندکاران تەنها بابەتە گرنگەکانیان خوێندووە و لە پشووی هاویندا خولی بەهێزکردن بۆ خوێندکاران دەکەنەوە. دەشڵێت، داوامان کردووە سیستمی وەرگرتنی خوێندکار لە زانکۆ و پەیمانگاکانی سەر بە خوێندنی باڵادا بگۆڕدرێت.


دڵشاد عومەر بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، باخچەکان و خوێندکارانی بازنەی یەکەم واتە پۆلی ١ تا ٣ی سەرەتایی وانەکانیان تەواوکردووە و دەوامیان تەواو بووە، لە ئێستا پۆلە ناکۆتاکان لە ٤ی سەرەتایی تاوەکو ١١ی ئامادەیی "جگە لە پۆلی ٩" تاقیکردنەوەکانیان دەست پێکردووە.

باسی لەوەشکرد، ئەمساڵ لە دوای ٩ی مانگی ١ دەستکراوە بە پڕۆسەی خوێندن و بۆ ئەو مەبەستەش لەرێگای لیژنەی پسپۆڕەوە بابەتە گرنگەکانیان بۆ خوێندکاران دیاریکردووە بیخوێنن.

وتیشی، بۆ پشووی هاوینی ئەمساڵ خولی بەهێزکردن لە قوتابخانەکاندا دەکەنەوە بۆ قۆناغەکانی ١– ٢ی سەرەتایی، ٣- ٤ی سەرەتایی، ٦ی سەرەتایی- ٧ی ئامادەیی لەگەڵ قۆناغی ١١ بۆ ١٢، ئەوەش لەبەر ئەوەی بنەمایان بەهێز نەبووە و بۆ ئەوەی کە دەچنە قۆناغی دواتر وانەکانیان بە باشی خوێندبێت. دەشڵێت، بۆ ئەو مەبەستە مامۆستایان پاداشتیان بۆ دابین دەکرێت.

ئەوەشی خستەڕوو، بەهۆی ئەوەی تاقیکردنەوەی پۆلی ١٢ لە ٢٠ی مانگی ٦ دەستپێدەکات بۆ ناوەڕاستی مانگی ٧، بۆیە فێنککەرەوە و کارەبای بەردەوام دابین دەکەن لە سەرجەم هۆڵەکانی تاقیکردنەوەدا.

لەبارەی وەرگرتنی خوێندکارانی پۆلی ١٢ لە زانکۆ و پەیمانگاکانی سەر بە خوێندنی باڵای هەرێم ئەوەی روونکردەوە، چەند جارێک داوایان کردووە کە سیستمی وەرگرتنی خوێندکار لەو زانکۆ و پەیمانگایانەدا بگۆڕێت، چونکە خوێندکارێک کە لە نمرەی ٥٠ـەوە دەرچووە و ناکرێت نمرەکەی ئەوەی بۆ دیاریبکات بچێتە کوێ، بەڵکو دەبێت حەز و خولیای خوێندکار بەشدار بێت لە پڕۆسەکەدا و کۆلێژەکان بەپێی پێویستی خۆیان تاقیکردنەوە دابنێن و خوێندکار تاقیکردنەوە بکات لەو کۆلێژەی دەیەوێت.

 

 













گەلەری