سەردێڕ:

بۆچی سەڵاحەدین دەمیرتاش بە ٤٢ ساڵ زیندانیکردن سزا درا؟

سەڵاحەدین دەمیرتاش - سەرۆکی پێشووی هەدەپە
PM:07:18:16/05/2024

3300 جار خوێندراوەتەوە

دادگای سزای قورسی تورکیا ٢٢ـەمین دانیشتنی ئەنجامدا لەبارەی دۆسیەی خۆپیشاندانەکانی ساڵی ٢٠١٤ـی کۆبانێ کە لەلایەن پارتە کوردییەکانەوە رێکخرا دژی بێ هەڵوێستی تورکیا بەرامبەر هێرشی چەکدارانی داعش بۆسەر کۆبانێ، لە دانیشتنەکەدا لەسەر ئەو دۆسیە و چەند دۆسیەیەکی دیکە دادگا بڕیاری دا بە سزادانی سەڵاحەدین دەمیرتاش سەرۆکی پێشووی هەدەپە بە ٤٢ ساڵ زیندانی کردن.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، دادگای سزای قورسی تورکیا لەبارەی دۆسیەی رووداوەکانی رۆژی شەش بۆ هەشتی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٤ـی کۆبانێ بۆ جاری ٢٢ـەمین دانیشتنی ئەنجامدا.

دادگای سزای قورسی تورکیا لە دانیشتنەکەیدا بڕیاریدا بە، سزادانی ئەحمەد تورک سەرۆکی شارەوانی ماردین بە ١٠ ساڵ زیندانی کردن، هەروەها سزادانی ئەمینە ئاینا پەرلەمانتاری پێشووی هەدەپە بە ١٠ ساڵ زیندانی کردن.

سەرەڕای ئەوەش، لەسەر هەمان دۆسیەی رووداوەکانی کۆبانێ و چەند دۆسیەیەکی دیکە، دادگاکە بڕیاریدا بە سزادانی سەڵاحەدین دەمیرتاش سەرۆکی پێشووی هەدەپە بە ٤٢ ساڵ زیندانی کردن، هەروەها سزادانی فیگەن یوکسەکداگ هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە بە ٣٠ ساڵ زیندانی کردن.

سەڵاحەدین دەمیرتاش تەمەنی ٥١ ساڵە و لە ساڵی ٢٠١٦ـەوە بە تۆمەتی دەیان تاوان لەوانە تێکدانی یەکڕیزی دەوڵەت و یەکپارچەیی وڵات سزا دراوە، هەروەها یەکێکە لە کەسایەتییە سیاسییەکانی باکوری کوردستان و تورکیا و دووجاریش رکابەری رەجەب تەیب ئەردۆغان بووە بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری تورکیا.

رووداوەکانی کۆبانێ:

لە رۆژی شەش بۆ هەشتی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٤، پارتە کوردییەکانی باکووری کوردستان بەتایبەت هەدەپە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانیان ئەنجامدا دژی بێهەڵوێستی تورکیا بەرامبەر هێرشی داعش بۆسەر کۆبانێ.

لەماوەی ئەو سێ رۆژەدا ناڕەزایەتییەکان زیاتر تەشەنەیان دەسەند و لە ئەنجامدا ٣٧ کەس گیانیان لەدەستدا و سەدان کەسی دیکەش بریندار بوون.

دواتر لەلایەن حکومەتی تورکیاوە ١٠٨ کەس لە سەرۆک و ئەندامانی هەدەپە دەستگیرکران و بە چەندین تاوانی جۆراوجۆر خرانە بەردەم دادگا .













گەلەری