سەردێڕ:

دوایین پێشهاتەکانی جەنگی غەززە؛ ژمارەی گیانلەدەستدان بەرز بووەتەوە

PM:06:32:16/05/2024

1456 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین رایاگەیاند، دوای ٢٢٢ رۆژ لە سەرهەڵدانی جەنگی نێوان حەماس و ئیسڕائیل، ژمارەی گیانلەدەستدان لە کەرتی غەززە بەرزبووەتەوە بۆ ٣٥ هەزار و ٢٧٢ کەس. دەشڵێت، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا ٣٩ کەس گیانیان لەدەستداوە.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین رایگەیاند، بەپێی راپۆرتی ئاماری رۆژانە لەماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، لە کەرتی غەززە ٣٩ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٦٤ کەسیش بریندار بوون.

ئاماژەی بەوەش کرد، لە ئەنجامی هێرشە بەردەوامەکانی ئیسڕائیل بۆسەر کەرتی غەززە لە ٧ـی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە، ٣٥ هەزار و ٢٧٢ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٧٩ هەزار و ٢٠٥ کەسیش بریندار بوون.

لای خۆشیەوە، سوپای ئیسڕائیل رایگەیاند، رۆژی رابردوو لە باکووری غەززە پێنج سەربازییان گیانیان لەدەستداوە و بەمەش لە سەرەتای شەڕەکەوە تاوەکو ئێستا ٦٢٦ سەربازی ئیسڕائیل گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی سێ هەزار و ٥٠٠ سەربازیش بریندار بوون.

لە رۆژی ٧ـی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە جەنگی نێوان حەماس و ئیسڕائیل سەری هەڵداوە و سەرەڕای هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی ئاگربەست تاوەکو ئێستا جەنگەکە بەردەوامە و ئیسڕائیل هێرشەکانی بۆ سەر رەفەح فراوان کردووە و نەتەوە یەکگرتووەکانیش هۆشداری ئەوە دەدات فراوانکردنی هێرشەکانی ئیسڕائیل بۆ سەر رەفەح مەترسیدار و ترسناکە.













گەلەری