سەردێڕ:

وەزیری بەرگری ئیسرائیل: لەدوای کۆتاییهاتن بە شەڕ ئیسرائیل حکومڕانی غەززە ناکات

PM:08:49:15/05/2024

1916 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری بەرگری ئیسرائیل رایگەیاند، رازی نابن بە حکومڕانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە لەدوای کۆتاییهاتنی حەماس لە ناوچەکە. وتیشی، داوای کردووە دەستەیەکی جێگرەوە لە جێی حەماس دیاری بکرێت بۆ حکومڕانیکردنی غەززە لەدوای کۆتاییهاتن بە شەڕ.


ئەمڕۆ چوارشەممە، یواڤ گالانت وەزیری بەرگری ئیسرائیل رایگەیاند، بوونی ئیسرائیل لە غەززە لەدوای کۆتایی هاتن بە شەڕ، دەبێتە هۆی لێکەوتەی زیانی گیانی ئیسرائیلییەکان.

ئاماژەی بەوەش کرد، داوا لە بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەکات لەدوای کۆتایی هێنان بە حەماس لە کەرتی غەززە، ئیسرائیل حکومڕانی کەرتی غەززە نەکات.

ئەوەشی خستە روو، داوای کردووە دەستەیەکی جێگرەوە لە جێی حەماس دیاری بکرێت بۆ حکومڕانیکردنی غەززە لەدوای کۆتاییهاتن بە شەڕ، بەڵام تاوەکو ئێستا وەلامی نەدراوەتەوە.

هاوکات، میدیاکانی ئیسرائیل لە زاری بنیامین ناتانیاهۆوە بڵاویان کردەوە، چەند مانگێکە ئیسرائیل مامەڵە لەگەڵ ئەو پرسەدا دەکات کە کێ لە دوای حەماس حوکمڕانی غەززە دەکات، چونکە هیچ لایەنێک ئامادە نیە حوکمڕانی غەززە بکات بەهۆی نەبوونی سەلامەتییەوە.

جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە رۆژی ٧ـی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە سەری هەڵداوە و ماوەی زیاتر لە هەشت مانگە جەنگەکە بەردەوامە، بەپێی دوایین ئامارەکان تاوەکو ئێستا ٣٥ هەزار و ١٧٣ کەس لە کەرتی غەززە گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ٧٩ هەزار کەسیش بریندار بوون. هاوکات، بەپێی ئامارەکانی حکومەتی ئیسرائیل تاوەکو ئێستا هەزار و ١٣٩ کەس لە ئیسرائیل گیانیان لەدەستداوە و هەشت هەزار و ٧٣٠ کەسیش دیکەش بریندار بوون.













گەلەری