سەردێڕ:

رۆژی زمانی کوردییە؛ مێژووەکەی بۆ کەی دەگەڕێتەوە؟

AM:11:34:15/05/2024

2532 جار خوێندراوەتەوە

رۆژی زمانی کوردی بەرامبەرە لەگەڵ ١٥ـی ئایاری هەموو ساڵێک، هەر لەم رۆژەدا لە ساڵی ١٩٣٢، یەکەمین ژمارەی گۆڤاری ھاوار بە دەستی جەلادەت عالی بەدرخان لە شاری دیمەشق پایتەختی سووریا بڵاو کرایەوە، دواتر پێشنیاز کرا ئەو رۆژە وەک رۆژی زمانی کوردی دەستنیشان بکرێت، لە ئێستاشدا، رۆژی ١٥ـی ئایاری هەموو ساڵێک وەک رۆژی زمانی کوردی دەناسرێت.


هەر لەم رۆژەدا و لە ساڵی ١٩٥٤، یەکەمین ژمارەی گۆڤاری ھەتاو لە شاری ھەولێر دەر کرا و لە ساڵی ١٩٦٣ـیش گۆڤاری رۆژا نوێ لە شاری ئەستەمبوڵ یەکەمین ژمارەی دەرکرد.

زمانی کوردی بۆ کوێ دەگەڕێتەوە؟

بەگوێرەی راپۆرتێکی زمانەوانی لە ماڵپەڕی ئەی ئاڕ کەی تایبەت بە زمانەکانی جیهان، زمانی کوردی ریشەی دەگەڕێتەوە بۆ زمانە (هیندۆ ئەورووپییەکان)، لە ئێستاشدا کۆمەڵێک دیالێکتی هەیە کە لە کوردستانی گەورە (بە چوار بەشەکەیەوە) زیاتر لە ٤٣ ملیۆن کورد قسەی پێ دەکەن.

زمانی کوردی بە دیاریکراوی ٧٣٥ هەزار و ٣٢٠ وشەی لە فەرهەنگە زانستی و وشەسازییەکانی جیهاندا تۆمار کراوە بە وشەی نوێ و دەستەواژەی دووبارەنەبوو ناسێنراون. بە تێکڕاش یەک ملیۆن و ٢٢٠ هەزار وشە لە خۆ دەگرێت، کە لە دوای زمانی کۆری، بە دەوڵەمەندترین زمان دادەنرێت لە رووی وشەسازی و دەستەواژەوە.

دیالێکتەکانی زمانی کوردی

١- دیالێکتی کرمانجی سەروو:

لە هەموو دیالێکتە کوردییەکانی تر فراوانترە، چونکە کوردانی باکوور هەموویان بەم دیالێکتە دەدوێن، هەروەها کوردەکانی باشووری خۆرئاوای ئەرمەنستانی شوورەوی و باکووری سوریا و دانیشتوانی پارێزگای دهۆک و زێبار و ئامێدی و شنگال و ئاکرێ، هەروەها شاری خۆی و قوتوریش دەگرێتەوە، هەروەها دیالێکتی کرمانجی سەروو: لقەکانی (بایەزیدی، هەکاری، بۆتانی، شەمدینانی، بادینانی، دیالێکتی خۆرئاوا) لێ دەبێتەوە.

٢- دیالێکتی کرمانجی ناوەڕاست:

لە خوار دیالێکتی کرمانجی باکوور بەرەو باشووری درێژ دەبێتەوە، تا چەمی سیروان و شاری خانەقین کشاوە، لە خۆرئاواشەوە تا زورگەکانی حەمرین بەرەو خۆرهەڵات دەگرێتەوە، ئەم دیالێکتە پێنج دیالێکتی ناوچەیی تری لێ بووەتەوە کە ئەمانەن: (موکری، سۆرانی، ئەردەڵانی، سلێمانی، گەرمیانی).

٣- دیالێکتی کرمانجی باشوور :

ناوچەکانی قەسری شیرین و کرماشان و مەلایەرەوە بەرەو باشوور کشاوە، ئەم دیالێکتە هەموو تیرەکانی کوردی لوڕ پێی دەدوێن بە هەموو ئەو ناوچەیەش دەڵێن لوڕستان، یان ئەم دیالێکتە ناسراوە بە دیالێکتی لوڕ. دەکرێن بە دوو بەشەوە، لوڕی گەورە و لوڕی بچووک، لوڕی گەورە لە تیرەکانی بەختیاری و مامەسانی و کوهگلو پێکدێن، لوڕی بچووکیش لە تیرەکانی دڵفان، سەلسەلە، باڵاگرێوەو، ئاماڵەن کە لە (پێش کۆوه) دەژین و فەیلییەکانیش لە (پشتی کۆ) دەژین پێکدێن.

٤- دیالێکتی گۆران:

هەر لە باکوری رێگای نێوان قەسری شیرین – کرماشانەوە دەست پێ دەکات بەرەو باکوور کشاوە تا دەگاتە شاخەکانی هەورامان لە خۆرئاواشەوە هەر لە سەرچاوەکانی سیروانەوە بەرەو خۆرهەڵات دایپۆشیوە تا دەگاتە کرماشان، ئەم دیالێکتە چوار لقی لێ دەبێتەوە: (گۆرانی ڕەسەن، هەورامی، باجەڵانی، زازایی.

زمانی کوردی لە دەستووری عێراقدا

لە دەستوورە پێشووەکانی عێراقدا بە دیاریکراویش لە ماوەی ساڵانی ١٩٢٥ تا کاتی هەموارکردنەوەی دەستووری عێراق بۆ ساڵی ١٩٥٨ بە هیچ شێوەیەک زمانی کوردی وەک دووەم زمانی فەرمیی عێراق دانی پێدا نەنراوە، ئەوەیش هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ چەقبەستوویی ناوچە عەرەبییەکەی عێراق بەرامبەر بە کورد.

یەكەم دەستووری عێراق بۆ زمانی کوردی

لە ناوەڕاستی ساڵی ١٩٢٥ عێراق بە هیچ شێوەیەک باسی لە زمانی کوردی نەکردوە، لە بەرامبەردا لە مادەی ١٧ــی دەستووری ئەو ساڵەدا هاتووە، تەنها زمانی عەرەبی زمانی رەسمیی عێراقە و هیچ زمانێکی تر لە ناوخۆی عێڕاقدا نییە. بەڵام دواتر دوو جاری لەسەر یەک بە جیاوازیی شەش مانگ پێداچوونەوە بە دەستووردا کرا سەبارەت بە زمانی ناوخۆیی عێراق، بەڵام هیچ دەستکاریی نەکراوە و وەک خۆی مایەوە لە ساڵی ١٩٤٣ـدا ئەوەش هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە لە مادەی ١٢٣دا هاتووە (عێراق بەشێکە لە وڵاتانی عەرەبی بۆیە زمانی ناوخۆیی و فەرمی و کارگێڕی دەبێت عەرەبی بێت) لە کاتێکدا بەگوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان لە مانگی کانوونی دووەمی ١٩٣١ـدا دان بە زمانی کوردیدا نرا، وەک زمانێکی ناوخۆیی و دووەم زمانی عێراق، بەڵام عێراق ئەوەی رەت کردەوە بۆ سێ جاری لەسەر یەک، تا ئەمڕۆش ئەو زمانە لەسەر بنەمای ساڵی ١٩٥٨ کە تێیدا هاتووە (کورد و عەرەب لە خاکی عێراق هاوبەشن و مافی زمانیان هەیە بەڵام تا ئێستا دەبێت نووسینی سەر بڕیارە کارگێڕییەکان عەرەبی بێت و هیچ کاری پێ نەکراوە.)

میدیاکان و پاراستنی زمانی دایک

جێی سەرنجە تا ئەمڕۆ بەشێک لە ناوەندە هەواڵییەکانی هەرێم کە بەرکەوتەیان هەمیشە لەگەڵ هاوڵاتییاندا هەیە، بەشێکی زۆریان هێشتا لەژێر کاریگەریی وشە بیانییەکاندا ماونەتەوە، بەتایبەت لە پەخشی راستەوخۆ و خوێندنەوەی هەواڵەکاندا، ئەوەش هۆکارێک بووە بۆ زاڵبوونی وشەی بیانی بە شێوەیەکی زیاتر لە ناو خەڵکدا و پشتکردنەوە ئەو ڕاستییانەی کە وڵاتانی دراوسێ چ هەوڵێک دەدەن لە لاوازکردن و بچووکردنەوەی بازنەی زمانی کوردی، ئەوەش رێگاخۆشکەر بووە بۆ کەمبوونەوەی بەکارهێنانی زمانی کوردی تا ئاستێکی بەرچاودا کە بە تێکڕا رێژەی زمانبێژی کوردەکان زیاتر لە ٤٥ ملیۆن لە کاتێکدا دەبوو زیاتر بێت لە ٥٣ ملیۆن کورد.

هـ.ش













گەلەری