سەردێڕ:

١٤٣ وڵات پشتگیری خۆیان بۆ ئەندامێتیی فەڵەستین لە نەتەوە یەکگرتووەکان راگەیاند

PM:07:51:11/05/2024

2060 جار خوێندراوەتەوە

دوای ئەوەی فەڵەستین هەوڵەکانی بۆ بەدەستهێنانی ئەندامێتی تەواو لە نەتەوە یەکگرتووەکان چڕکردەوە، رێکخراوی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشنیازیکرد ئەنجوومەنی ئاسایش بە شێوەیەکی ئەرێنی چاو بە ئەندامێتی فەڵەستیندا لە رێکخراوەکە بخشێنێتەوە.


کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بە زۆرینەی دەنگ داواکارییەکی فەڵەستینی پەسەندکرد بۆ بە ئەندامبوونی هەمیشەیی لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئیسڕائیلیش دەنگدانەکەی بە پێشێلکردنی بنەماکانی ئەو رێکخراوە ناوبرد.

بەپێی بڕیارەکە کە ١٤٣ وڵات پەسەندی کرد و ٩ وڵات رەتیکردەوە و ٢٥ وڵاتی تریش دەنگیان پێنەدا، نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی رادەسپێردرێت تا چاوبخشێنێتەوە بە ئەندامێتیی فەڵەستین کە پێی وایە هەموو خاڵ و مەرجەکانی تێدایە تا ببێتە ئەندام.

دوای پڕۆسەی دەنگدانەکەش، ریاز مەنسور نوێنەری فەڵەستین لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەنگدانەکەی بە مێژوویی بۆ گەلەکەی ناوبرد، هیوایشی خواست لە خولی ئایندەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە مانگی ئەیلولی داهاتوودا نوێنەری فەڵەستین شانبەشانی نوێنەری وڵاتانی تر لە شوێنی دیاریکراو و سروشتی خۆی دادەنیشێت.

بەڵام لەبەرامبەردا، ئیسرائیل رەخنەی توندی لە بڕیارەکە گرت، هەروەها نوێنەرەکەی لە نەتەوە یەکگرتووەکان چەند لاپەڕەیەکی جاڕنامەی نەتەوەیەکگرتووەکانی دڕاند جەختیکردەوە، دەنگدانەکە بنەماکانی پەیماننامەی ئەو رێکخراوەی پێشێلکردووە.

بڕیارەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان، مافەکانی فەڵەستین فراوانتر دەکات بەوەی ببێتە ئەندامێکی چاودێر و نوێنەرەکەشی مافی قسەکردنی دەبێت، تەنانەت ئەگەر بابەتەکە پەیوەندی بە دۆسیەی فەڵەستینیشەوە نەبێت. هەروەها لە کۆبوونەوە گشتییەکاندا مافی دەنگدان و پێشنیازی هەموارکردنەوەی یاسا و بڕیاری دەبێت.

چاودێرانیش پێیان وایە دەنگدانەکە جەختکردنەوەیە لەسەر مافی گەلی فەڵەستین لە دیاریکردنی چارەنوسی خۆی، کە یەکێکیان پێکهێنانی دەوڵەتێکی سەربەخۆیە.

ئەو هەوڵانەشی کە ئێستا لە ئارادان، بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەکی هەمیشەییە بۆ ململانێکانی نێوان ئیسڕائیل و فەڵەستینییەکان، لەگەڵ فشارخستنە سەر ئیسرائیل بۆ راگرتنی جەنگی غەزە.

لە ٧ـی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووەوە شەڕ لەنێوان ئیسرائیل و چەکدارانی حەماسدا دەستی پێکردووە، تا ئێستا زیاتر لە ٣٦ هەزار کەس لە هەردوو لا کوژراون و دەیان هەزاری دیکەش بریندار بوون.

هاوکات، سەرەڕای هۆشدارییەکانی ئەمریکا و هۆشدارییە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە لەشکرکێشی بۆ سەر رەفەح، کابینەی ئیسرائیل فراوانکردنی هێرشەکانی لە شاری رەفەح لە بەشی باشووری کەرتی غەززە پەسەند کرد.


 


 













گەلەری