سەردێڕ:

دوایین ئاماری گیانلەدەستدان و برینداربوون لە کەرتی غەززە

PM:11:58:19/04/2024

1768 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین رایگەیاند، ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی بەردەوامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە ٣٤ هەزار کەسی تێپەڕاندووە، ژمارەی بریندارەکانیش گەیشتووەتە ٧٦ هەزار و ٨٣٣ کەس.


ئەمڕۆ هەینی، وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین لە راگەیەنراوێکدا بلاویکردەوە، بەپێی دوایین ئامارەکان، لە ئەنجامی بەردەوامی هێرش و بۆردومانەکانی هێزەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچەکانی کەرتی غەززە ژمارەی گیان لەدەستدان گەشتووەتە ٣٤ هەزار و ١٢ کەس.

ئاماژە بەوەش کراوە، ژمارەی بریندارەکان بەهۆی بەردەوامی هێرشەکان گەیشتووەتە ٧٦ هەزار و ٨٣٣ کەس.

باس لەوەش کراوە، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا لە ئەنجامی بۆردوومانەکانی ئیسرائیل ٤٢ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٦٣ کەسی دیکەش بریندار بوون.

سەبارەت بە ئاگربەست، رۆژی ١٤ـی نیسان نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسڕائیل لەبارەی دانوستانەکان بۆ پێکهێنانی ئاگربەست رایگەیاند، حەماس دوایین پێشنیازەکانی ئاگربەستی لە غەززە رەت کردووەتەوە و بە مەرجەکانی ئیسڕائیل رازی نەبووە.

لە رۆژی ٧ـی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوودا چەکدارانی حەماس هەزاران مووشەکیان ئاڕاستەی ئیسڕائیل کرد و لەبەرامبەریشدا ئیسڕائیل دەستی بە هێرش کردن بۆ سەر کەرتی غەززە کرد و بەهۆی هێرشەکانەوە هەزاران کەسی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ملیۆنێک کەسیش ئاوارەی ناوچەی رەفەح لە باکوری کەرتی غەززە بوون و لە ئێستادا ئیسرائیل لە پلانیدایە هێرش بۆ سەر ناوچەی رەفەح دەست پێ بکات.













گەلەری