وەزارەتی دارایی حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم لیستی موچەی مانگی نیسانی راگەیاند و سەرەڕای هەبوونی ٨٠٠ ملیاری بەغدا و داهاتی خاڵەسنوورییەکان و ناوخۆ؛ بەڵام بە دوو هەفتە موچە دابەشدەکرێت.
بەپێی لیستەکەی وەزارەتی دارایی، دابەشکردنی موچە لە هەفتەی ئایندەوە دەستپێدەکات و لیستەکە لە ١٤ی ئایار، رۆژی یەکشەممە، بە وەزارەتی تەندروستی دەستپێدەکات و لە ٣١ی ئایاردا بە وەزارەتی پێشمەرگە کۆتایی دێت.
دوێنێ سەرەڕای ناردنی ٤٠٠ ملیار، بەغدا بڕیاریدا بە ناردنی ٤٠٠ ملیاری دیکە
بۆ هەرێم بەمەبەستی دابەشکردنی موچەی مانگی نیسان.
ئەوەش لە کاتێکدایە، پێشتریش
چاوگێک لە وەزارەتی دارایی حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاندبوو،
لەو ٤٠٠ ملیار دینارەى کە مانگی ئازار بەغدا رەوانەى هەرێمى کرد بۆ موچە، تەنها
١٠٠ ملیارى دراوە بە موچەى مانگى سێ، بڕی ٣٠٠ ملیارى ماوەتەوە، لەگەڵ ٤٠٠ ملیارى
داهاتى ناوخۆ دەکاتە ٧٠٠ ملیار بۆ موچەى مانگى نیسان، هەروەها ٢٩ ملیار دینارى
هاوپەیمانان و بڕێکى دیکە لە پارەى نەوتى فرۆشراو ماوەتەوە و ئەو پارانە نزیک دەبنەوە
لە ٧٥٠ ملیار دینار و وەزارەتەکە ئامادە دەبێت بۆ ئەوەى دەستبکات بە دابەشکردنى
موچەى مانگى نیسان. بەڵام ئێستا سەرەڕای هەبوونی ٨٠٠ ملیار دینارەکەش، هەرێم بە
ماوەی دوو هەفتە موچەی سەرجەم وەزارەتەکان دابەشدەکات.
پێشتر وتەبێژی حکومەتی
ماوەبەسەرچووی هەرێم بەڵێنی دابوو بەوەی، ٢٥ی هەموو مانگێک دەست بە دابەشکردنی
موچە بکەن، بەڵام ئێستا فەرمانبەرانی هەرێم لە مانگی ئایاردان و هێشتا دابەشکردنی
موچەی مانگی نیسان بڕیارە لە هەفتەی ئاییندەوە دەستپێبکات.
ئەوەش ناڕەزایەتی
هاوڵاتیانی لێکەوتووەتەوە و باس لەوەدەکەن، دابەشکردنی موچە بەم میکانیزمە لەلایەن
حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێمەوە بارگرانی بۆ هاوڵاتیان دروستکردووە.
هـ.ئـ