PM:09:02:24/04/2023
37104 جار خوێندراوەتەوە
راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، سیاسەتی بانکی نەختینەیی عێراق بەهێزە لە رووی پاراستنی سەقامگیری نرخی کەلوپەل بە گشتی و نرخی دۆلار بە تایبەتی و بۆ ئەوەی ئەم سەقامگیرییە بەردەوامبێت پێویستە ئاسانکاری لە حەواڵەی دەرەکی دەستبخرێت و چاکسازی لە باج و گومرگ بکرێت.
مەزهەر محەمەد راوێژکاری دارایی محمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، سیاسەتی نەختینەیی بانکی ناوەندی خاوەنی توانایەکی باڵایە لە هەماهەنگی لەگەڵ سیاسەتی حکومی لە دابینکردنی توانا بۆ سەپاندنی سەقامگیری لەسەر نرخی کەلوپەل بە گشتی و نرخی ئاڵوگۆڕی دینار بەرامبەر بە دراوی بیانی بە تایبەتی، چونکە پەیوەندی بە هاوردەی کەلوپەلەوە هەیە.
ئاماژەی بەوەشدا، بەدەستخستنی سەقامگیری و پارێزگاریکردن لە نرخی کەلوپەل
و نرخی ئالوگۆڕی دراو بە دوو سیاسەت دەکرێت، یەکەمیان لە لایەنی سیاسی نەختینەییەوە
لە رێگەی ئاسانکردنی حەواڵەی دەرەکی بە نرخی فەرمی دۆلار و سنووردارکردنی مامەڵەی
نەرێنی و گرتنەبەری رێکاری یاسایی و میکانیزمی بانکی ژمارەیی.
ئەوەشی خستەڕوو، دووەمیان بریتییە لە سیاسەتی حکومی گشتی و پەیوەستە بەو
بڕیارانەی کە لەم دواییانەدا چەدن رێکارێکی هەماهەنگی لە بواری گومرگ و باج و
بازرگانی گرتەبەر و بەهۆیەوە بەربەستە بیرۆکراتییەکانیان لە جووڵە بازرگانییەکان نەهێشت
و ئەوەش سەقامگیری لە باڵای لە جووڵە و چالاکی بازرگانییە بچووکەکان دروست کرد.
ئەمەش لەکاتێکدایە، لەماوەی رابردوودا، بەهۆی نەبوونی سیستمی ئەلکترۆنی و
بەقاچاغبردنی دۆلار بۆ ئەو وڵاتانەی سزای ئەمریکایان لەسەرە، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا
سزای بەسەر بانکی ناوەندی عێراقدا سەپاند و بەهای خستنەڕووی رۆژانە بۆ خوار ١٠٠ ملیۆن
دۆلار کەمبووەوە و بەهای دۆلار گەیشتە ١٧٠ هەزار دینار.