سەردێڕ:

بەنگین ڕێکانى: بەغدا نووسراو ئاڕاستەى تورکیا دەکات بۆ دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوتى هەرێم

AM:08:21:18/04/2023

2112 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق رایگەیاند، بۆ دەستکردنەوە بە ھەناردەی نەوتی ھەرێم، بەغدا نوسراوى فەرمى ئاراستەی تورکیا دەکات.


بەنگین رێکانی، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنوسیدا لە بارەى لێدوانێکى محەمەد شیاع سودانى سەرۆکوەزیرانى عێراق سەبارەت بە دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوتى هەرێم ئاماژەی بەوەکرد، بەغدا نوسراوێک ئاڕاستەی تورکیا دەکات تاوەکو هەناردەکردنی نەوت هەرێم لە بەندەری جەیهانەوە دەستپێبکاتەوە.

باسی لەوەشکرد، رێکارە تەکنیکی و یاساییەکان تەواو بوون گرێبەستێک لە رووی تەکنیکییەوە واژۆ دەکرێت و بەفەرمی داوا لە تورکیا دەکرێت هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە.

لەبارەی ناردنی پارە لە بەغداوە بۆ مووچەی مانگی نیسانیش وتى، لە کۆبوونەوەی سێشەممەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا بڕیار لەوبارەوە دەدرێت، ئەگەربە قەرزیش بێت پارە دەنێردرێت و دوای پەسندکردنی بودجە لە پشکى هەرێم دەبڕدرێت.

دوێنێ، محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، دابینکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم ئەرکی سەرشانی حکومەتی عێراقە. وتیشی، لەم هەفتەیەدا هەناردەکردنی نەوتی هەرێم دەستپێدەکاتەوە و هەر ئەمڕۆش کڕیارانی نەوتەکە گرێبەستی نوێ لەگەڵ کۆمپانیای سۆمۆ واژۆدەکەن.

پاش بڕیارەکەی دادگای پاریس لەبارەی نایاسایبوونی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم بۆ تورکیا، لە ٤ـی نیسان محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم کۆبوونەوە و رێککەوتنی رادەستکردنی نەوتی هەرێمیان بە بەغدا واژۆکرد.

بەپێی ئەو رێککەوتنە، هەرێم پابەند دەکرێت کە نەوت لە ریگای سۆمۆوە بفرۆشێت و مانگانە پارەکەی لە هەژمارێکی بانکی هاوبەشی نێوان عێراق و هەرێم دادەنرێت تاوەکو بودجەی عێراق پەسەند دەکرێت و دواتریش بەپێی پرۆیاسایی بودجە هەرێم رۆژانە ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوت رێگای سمۆوە هەناردە دەکات و ١٢.٦٧٪ـی لە بودجەی عێڕاق پێدەدرێت.













گەلەری