سەردێڕ:

یەدەگی دراوە بیانییەکانی عێراق گەیشتە ١١٠ ملیار دۆلار

PM:04:47:15/04/2023

8068 جار خوێندراوەتەوە

بانکی ناوەندی عێراق رایگەیاند، لە ئێستادا بڕی یەدەگی دراوە بیانییەکانی عێراق گەیشتووەتە ١١٠ ملیار دۆلار.


بانکی ناوەندی عێراق لە راگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەشکردووە، وەبەرهێنانەکانی بانکی ناوەندی لە دراوی بیانیدا خۆیدەبینێتەوە و ئەو دراوانەش دابەشی دوو کۆمەڵە دەبن، یان بەشێوەی قەواڵە دادەنرێن یان لە وەبەرهێناندا بەکار دەهێندرێن.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەو وەبەرهێنانەی بە یەدەگی دراوە بیانییەکان ئەنجامدەدرێن وەبەرهێنانی سەلامەتن و دوورن لە مەترسی.

باسی لەوەشکردووە، هەوڵدەدەن ئەو وەبەرهێنانەی کاری تیدا دەکەن داهاتێکی گونجاو بەدەستبێت و خۆیان لەو مەترسیانە بەدوور بگرن کە رەنگە زیان بە یەدەگی دراوە بیانییەکان بگەیەنێت.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە رۆژی ٢٨ی ٢ی ٢٠٢٣ مەزهەر محەمەد ساڵح راوێژکاری دارایی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە لێدوانێکدا بە ئاژانسی هەواڵی عێراق راگەیاند، لە ئێستادا یەدەگی دراوی بیانی لە عێراق گەیشتووەتە ١١٥ ملیار دۆلار و نزیکەی نیوەی ئەو بڕە پارەیە بە دۆلاری ئەمریکییە.

باسی لەوەشکرد، ٥٠٪ـی یەدەگی دراوی عێراق کە بە دۆلار نین لە بانکە ناوەندییە ئەوروپییەکاندا بە دراوی پاوەنی ئیستەرلینی و یۆرۆی ئەوروپی و یەنی چینی و یابانی هەڵگیراون.

راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق وتیشی، لە ئێستادا عێراق خاوەنی ١٣٢ تەن یەدەگی زێڕە و بڕەکەشی زیاترە لە ئاستی سەلامەتی جیهانی بۆ یەدەگی زێڕی وڵاتان.














گەلەری