سەردێڕ:

بۆ چوارەم رۆژ لەسەریەک؛ خۆپیشاندانی هاوڵاتیان لە پێنجوێن بەردەوامە

AM:09:17:14/01/2023

2644 جار خوێندراوەتەوە

بۆ چوارەم رۆژ لەسەر یەک هاوڵاتیانی قەزای پێنجوێن بەردەوامن لە دەربڕینی ناڕەزایەتییەکانیان دژی نەبوونی خزمەتگوزاری و خۆپیشاندان دەکەن.


ئەمڕۆ شەممە، بۆ چوارەم رۆژ لەسەریەک هاوڵاتیانی قەزای پێنجوێن بەردەوامن لەسەر خۆپیشاندان و دەربڕینی ناڕەزایی و داوای کارەبای ٢٤ کاتژمێری و جێبەجێکردنی خزمەتگوزاری دەکەن بۆ قەزاکەیان و دەشڵێن، بەردەوام دەبن.

ئەو هاوڵاتیانە بە شەو و رۆژ لە جێگای خۆپیشاندانەکە دەمێننەوە و رێگای بەشێکی بارهەڵگرەکانیان گرتووە و رێگا نادەن هاتوچۆی بازرگانی بکرێت.

شەوی رابردووش، زانا رەحمان قائیمقامی قەزای پێنجوێن لە بڵاوکراوەیەکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک دەستبەرداربوونی خۆی لە پۆستی قائیمقامی قەزاکە راگەیاند و دەڵێت، بەهۆی "وەڵامنەدانەوەی هاوڵاتیانی پێنجوێن دوای سێ رۆژ لە خۆپیشاندان ئەو بڕیارەی داوە."

باسی لەوەش کردووە، بەرپرسانی سەروو خۆی کەمتەرخەمن و نەهاتوون بەدەم داواکارییەکانی خەڵکی قەزای پێنجوێنەوە.

لە رۆژی چوارشەممەی هەفتەی رابردوو هاوڵاتیانی قەزای پێنجوێن دەستیانکرد بە خۆپیشاندان و داوای کارەبای ٢٤ کاتژمێری و جێبەجێکردنی خزمەتگوزارییە پێویستەکان لەو قەزایەدا دەکەن.

ئەمەش لە کاتێکدایە، کارەبای قەزای پێنجوێن لە رابردوودا ٢٤ کاتژمێری بووە و لە ئێستادا سێ کاتژمێر کارەباکەیان لێ کەمکراوەتەوە.













گەلەری