سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، هەوڵەکانی نوێکردنەوەی رێککەوتننامەی ئەتۆمی ئێران کە لەساڵی ٢٠١٥ واژووی لەسەرکرا و لەساڵی ٢٠١٨دا وڵاتەکەی لێی کشایەوە بە "مردوو" وەسف کرد.
لە گرتەیەکی ڤیۆدییدا کە لەم دواییانەوە بڵاوکرایەوە تیایدا دەردەکەوێت جۆبایدن، سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ ژمارەیەک چالاکوانی ئێرانی قسەی دەکات کە لە مانگی تشرینی یەکەمی رابردوودا لە باشووری کالیفۆرنیا بەشدارییان لە بۆنەیەکدا کردووە، تیایدا پێیان رادەگەیەنێت، رێککەوتنی ئەتۆمی نێوان ئەمریکا و ئێران مردووە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەمریکا ئەم ئەنجامە را ناگەیەنێت، چونکە چیرۆکەکە
دوور و درێژە.
لەلایەن خۆیەوە، جۆن کیربی، رێکخەری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی بۆ پەیوەندییە
ستراتیژییەکانی ئەمریکا، لەبارەی وتەکانی بایدنەوە ئاماژەی بەوەکرد، پلانی گشتگیری
کارکردنی هاوبەش بۆ رێککەوتننامەی ئەتۆمی ئێران، لە ئێستادا جێی سەرنجی ئەوان
نییە، هەبۆیە لە لیستی کارەکانیشیاندا نییە.
ئەوەشی خستەڕوو، زۆر بەسادەیی، "نابینین
رێککەوتنێک بەم زووانە بێت لە کاتێکدا ئێران بەردەوامە لە سەرکوتکردنی هاوڵاتییانی
خۆی و پشتیوانی کردنی لە روسیا لە جەنگی لەگەڵ ئۆکرانیادا".
وتیشی، هەریەکە لە ئەمریکا، روسیا،
چین، فەرەنسا، ئەڵمانیا، بەریتانیا و وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا بەشداربوون لە رێککەوتنی
ئەتۆمی ئێراندا لەساڵی ٢٠١٥دا، لەساڵی ٢٠١٨دا ئەمریکا لە رێککەوتننامەکە کشایەوە و
جارێکی دیکە سزای بەسەر ئێراندا سەپاندەوە ئەوەش بەهۆی پابەندنەبوونی ئێرانەوە بە
دەقی رێککەوتننامەکەوە.
ئەمەش لەکاتێکدایە، لە ساڵی ٢٠١٥ ئەمریکا بە سەرۆکایەتی باراک ئۆباما بە
هاوبەشی هەریەک لە روسیا، چین، فەرەنسا، ئەڵمانیا، بەریتانیا و وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا
رێککەوتنامەی ئەتۆمییان لەگەڵ ئێران واژووکرد بە ئامانجی راگرتنی سەرجەم چالاکییە
ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە، لەبەرامبەریشدا ئێران داوایکرد دەستبەجێ ئەمریکا سەرجەم
سزا ئابوری و دارایی و بازرگانییەکانی و سزاکانی لەسەر دامەزراوەفەرمی و کۆمپانیا
گەورەکان و کەسایەتییە گەورەکانی ئێران هەڵبگرێت.
لەساڵی ٢٠١٨، دۆناڵد ترامپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا تاک لایەنانە لە
رێککەوتننامەکە کشیاەوە. دواتریش، لەگەڵ دەرچوونی جۆ بایدن بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا لە
مانگی کانونی دووەمی ٢٠٢١ یەکێک لەو دۆسییانەی باسی لێوەکرد زیندووکردنەوەی
رێککەوتننامەی ئەتۆمی نێوان وڵاتەکەیی و ئێران بوو، بۆ ئەو مەبەستەش گفتوگۆکان
بەشێوەی ناڕاستەوخۆ لە ڤیەننای پایتەختی نەمسا دەستییان پێکردەوە.