ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی دەڵێت، ئەگەر یەکێتی و پارتی نەگەنە هیچ رێککەوتنێک ئەوا سیناریۆی ٢٠١٨ دووبارە دەبێتەوە. مامۆستایەکی زانکۆش دەڵێت، "پارتی بۆ یەکلایی کردنەوەی پۆستی سەرۆک کۆمار پەنا بۆ دەنگی گەل دەبات".
ئەمڕۆ سێشەممە، کاروان یاروەیس یەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی و ساڵح عومەر مامۆستای زانکۆ لە بەرنامەی تاوتوێی ئێن ئاڕ تی لەبارەی هەڵبژرادنی سەرۆک کۆمار لە رۆژی پێنجشەممە گفتوگۆیان کرد.
کاروان یاروەیس رایگەیاند، بەهۆی ناکۆکی نێو ماڵی شیعە و دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانی لایەنگرانی رەوتی
سەدر و هەڵپەساردنی دانیشتنەکانی پەرلەمان هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار دواکەوت کە ئەمانە
بەشێکبوون لە هۆکارەکان.
ئاماژەی بەوەشدا، بەشێکی دیکەی پەیوەندی بە ململانێی کوردە هەبووە لە سەر
پۆستی سەرۆک کۆمار.
لەبارەی دانیشتنی رۆژی پێنجشەممەی پەرلەمانەوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار،
کاروان یاروەیس وتی، کاتێکی زۆر درا بەلایەنەکان تا رێککەوتن بکەن و کاتە
دەستورییەکەش دەرەنگ بووە ئێستا قۆناغێک دروستبووە کە دەبێت ئەم بابەتە یەکلایی
بکرێتەوە.
وتیشی، نزیکەی ١٨٠ واژۆی پەرلەمانتاران کۆکرایەوە تا رۆژی چوارشەممە
دانیشتنی پەرلەمان تایبەتبێت بە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، بەڵام بە ئامانجی پێدانی
کاتی زیاتر بە لایەنەکان دانیشتنەکە خراوەتە رۆژی پێنجشەممە.
ئەوەشی خستەڕوو، یەکێتی بۆ راگرتنی هاوسەنگی پێداگری لەسەر پۆستی سەرۆک
کۆمار دەکات، لە هەرێم سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت و دۆسیەی ئاسایش و چەند
دۆسییەکی دیکەی گرنگ لای پارتییە.
کاروان یاروەیس دەشڵێت، یەکێتی لە هەرێم و لە عێراق پێگە و قورسایی خۆیی
هەیە ناکرێت نادیدە بگیرێت.
وتیشی، "پارتی لەگەڵمان
رێکناکەوێت، ئێمە دەیان هەنگاو جووینەتە پێشەوە". دەشڵێت، یەکێتی و پارتی هەر
دەبێت رێکبکەون.
لەبارەی دانیشتنی رۆژی پێنجشەممەی پەرلەمان و ئەو سیناریۆیانەی ئەگەرییان
هەیە لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماردا رووبدەن، کاروان یاروەیس پەرلەمانتاری یەکێتی
ئاشکرای کرد، ، ئەگەر تا پێنجشەممە یەکێتی و پارتی نەگەن هیچ رێککەوتنێک ئەوا
سیناریۆی ٢٠١٨ دووبارە دەبێتەوە.
هاوکات، ساڵح عومەر مامۆستای زانکۆ ئاماژەی بەوەدا، پۆستی سەرۆک کۆمار بەتەنیا
موڵکی یەکێتی نییە، ئەگەر یەکێتی لە داهاتوشدا بەو شێوەیە بیربکاتەوە، دروست بیرناکاتەوە،
هەربۆیە پێویستە گۆڕانکاری لەم بیرکردنەوەیەدا رووبدات.
وتیشی، جگە لە پارتی لایەنی دیکەی سیاسی هەیە کە پێیوایە پۆستی سەرۆک کۆمار
تەنها دەستکەوتی یەکێتی نییە، بەڵکو هی کوردە.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر لەسەر بنەمای هەڵبژاردنکان بێت، دەبێت سەرۆک کۆمار
بۆ پارتی بێت.
لەبارەی سیناریۆی یەکلایی کردنەوەی کاندیدێکی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، ساڵح عومەر وتی، واباشترە، پەرلەمانتارانی کورد
لە بەغدا لەسەر کاندیدێک بگەنە رێککەوتن و دۆسییەکە یەکلایی بکەنەوە.
وتیشی، پارتی بۆ یەکلایی کردنەوەی پۆستی سەرۆک کۆمار دەگەڕێتەوە بۆ دەنگی
گەل.
لەبارەی دابەشکردنی پۆستەکانی هەرێمەوە، ئەو مامۆستایەی زانکۆ وتی،
پێویستە پۆستەکانی هەرێم لەسەر بنەمای
ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بێت و ئەم بنەمایە کۆدەنگی لایەنە سیاسییەکانی لەسەر
دروستبێت.
ئەمە لەکاتێکدایە، بڕیارە رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو، پەرلەمانی عێراق بە
مەبەستی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار دانیشتن بەڕێوەبچێت.