عێراق لەنێو وڵاتانی ناوچەکەدا بەپلەی یەکەم دێت لەهاوردەکردنی بەرهەمەکانی ئێراندا و ساڵانە بەبەهای ٣ ملیار دۆلار شمەک هاوردەدەکات.
ئەمڕۆ سێشەممە، گومرگی ئێران رایگەیاند، لە سەرژمێرییەکی گومرگی شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ئێران بڕی ٢٩.٢٨ ملیۆن تەن کەلوپەل و بەرهەمی بەبەهای ١٢ ملیار و ٣٢٧ ملیۆن دۆلار هەناردەی ١٥ وڵاتی دراوسێی کردووە.
راگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، روحوڵا لەتیفی وتەبێژی دەستەی گومرگی
ئێران باسیلەوە کردووە، ئامارەکە هی رێکەوتی ٢١ی ئازار تا ٢٠ی ئەیلولی ئەمساڵە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، نرخی هەناردەی ئێران بە رێژەی ١٠٪ زیادی کردووە و لە
سەر بنەمای ساڵانە بە رێژەی ١٩٪ کەمی کردووە.
لەتیفی سەبارەت بە پێنج بازاڕی سەرەکی هاوردەکردنی کاڵا ئێرانییەکان روونیكردەوە،
عێراق لە پێشەنگی لیستەكەدایە و ٩ ملیۆن و ٨٦٦ هەزار تەن بە بەهای سێ ملیار و ٣٨٢
ملیۆن دۆلار کاڵا و شمەک هاوردەدەکات.
دەشڵێت، ئیمارات بە پلەی دووەم دێت
كە بڕی پێنج ملیۆن و ٧٢١ هەزار تەنی کاڵای ئێرانی بەبەهای سێ ملیار و ١١٢ ملیۆن دۆلار هاوردەکردووە.
وتەبێژی دەستەی گومرگی ئێران ئەوەشی
ئاشکرا کردووە، توركیا بە پلەی چوارەم دێت کە بە بڕی یەک ملیۆن و ١٠٦ هەزار تەن کاڵای
بە بەهای دوو ملیۆن و ٦٢٦ هەزار دۆلار و دوای ئەوەیش ئەفغانستان بڕی یەک ملیۆن و ٥٨٢
هەزار تەن کاڵای بە بەهای ٧٩٢ ملیۆن دۆلار هاوردە دەکات و پاکستانیش لەپلەی پێنجەمدا دێت و بڕی یەک ملیۆن
و ٣١٥ هەزار تەن کاڵای بە بەهای ٥٦١ ملیۆن دۆلار هاوردە دەکات.