وەزارەتی ژینگەی عێراق رایگەیاند، بەهۆی گۆڕانەکەنی کەش و هەوا رۆژانە عێراق بەبڕی ١٠ ملیار دینار زیانی پیدەگات.
ئەمڕۆ سێشەممە،جاسم فەلاحی وەزیری ژینگەی عێراق لەکۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا ئاماژەی بەوەداوە، عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین کاریگەری گۆڕانی کەش و هەوای لەسەرە و لە ریزبەندی نەتەوەیەکگرتووەکانیشدا بە یەکێک لەو پێنج وڵاتە دادانرێت کە گۆڕانەکانی کەش و هەوا بەسەختی کاریگەری لەسەریان داناوە.
فەلاحی ئاماژەی بەوەشکرد،گۆڕانی کەش و هەوا
گرنگترین و گەورەترین گرفتە لەم کاتەدا بەرۆکی عێراقی گرتبێت و ئەوەش بەڕوونی لەبەرزی
پلەکانی گەرمادا دەبینرێت لەکاتێکدا لەماوەی پێشتردا بەوشێوەیە نەبووە، ئەمەش بووە
بەهۆی زیادبوونی دیاردەی بەبیابانبوون و لەناوچونی زەوییە کشتوکاڵییەکان بەهۆی وشکە
ساڵیی و زیادبوونی گەردەلوولە لماوییەکان و شەپۆلەکانی خۆڵبارین.
باسی لەوەشکرد، قەبارەی زیانە ئابوورییەکانی گۆڕانی
کەش و هەوا بە رێژەیەکی بەرزە و رۆژانە ١٠ ملیار دینار زیان بە ئابووری عێراق دەگەیەنێت
ئەوەش بەهۆی کاریگەرییەکانی لە سەر تەندرووستی هاوڵاتیان بەڕێژەیەکی بەرچاو لەڕووی
سیستمی هەناسەدان و رەبۆ و هەستیاری کە بەهۆی گەردەلوولە لمییەکان و شەپۆلەکانی خۆڵبارینەوە
روودەدات، هاوکات داواکاری لەسەر دەرمان و چارەسەر بەرزدەکاتەوە لەهەمانکاتدا
گواستنەوەی دەرمانەکانیش لەڕێگەی ئاسمانی و وشکانییەوە زیانێکی زۆر دەگەیەنێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە، لەسەرەتای ئەمساڵدا حکومەتی
عێراق رایگەیاند، رووبەری ئەو زەویانەی پلانی کشتوکاڵی وەرزی دەیانگرێتەوە بۆ نیوە
کەمیکردووە، لەئەنجامی بڕینی لقەکانی ڕووباری دیجلە لەئێران و بەهۆی وشکەساڵییەکی
بێ وێنە کە تووشی وڵاتەکە بووە هەندێک لە پارێزگاگان بە تەواوی ئەو زەویانەیان لەدەستداوە.
هاوکات، حکومەتی عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین
کاریگەری گۆڕانەکانی کەشوهەوای لەسەرە و بەڕێژەیەکی بەرز تووشی وشکەساڵی هاتووە و
پلەکانی گەرماش لەوەرزی هاویندا بۆ زیاتر لە ٥٠ پلەی سەدی بەرزدەبێتەوە.
لەمانگی تشرینی دووەمی رابردووشدا بانکی نێودەوڵەتی هۆشداردا لەبارەی کەمبوونەوەی
دەرامەتەئاوییەکانی عێراقەوە و رایگەیاند هەتا ساڵی ٢٠٥٠ عێراق ٢٠٪ی سەرچاوە ئاوییەکانی
بەهۆی گۆڕانی کەش و هەواوە لەدەست دەدات.