سەردێڕ:

باڵیۆزی روسیا: ئەمریکا بە هاوکاریکردنی ئۆکرانیا لە هێڵی سوور نزیک دەبێتەوە

PM:03:18:11/10/2022

2224 جار خوێندراوەتەوە

باڵیۆزی روسیا لە ئەمریکا رایگەیاند، ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بەهاوکاریکردنی ئۆکرانیا و پێدانی چەک "لەهێڵی سوور نزیک دەبنەوە.”


ئاناتۆلی ئەنتۆنۆڤ باڵیۆزی روسیا لە ئەمریکا ئاماژەی بەوەکرد، پێویستە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی ئەو هێڵە سوورە تێنەپەڕێنن کەلێی نزیک بوونەتەوە و کۆتایی بە پێدانی چەک بە کیێڤ بهێنن، چونکە دەبێتەهۆی قوربانی زیاتر و بەردەوامی و درێژەکێشانی جەنگەکە.

راگەیەندراوەکەی باڵیۆزی روسیا لە وەڵامی راگەیەندراوەکەی کۆشکی سپیدا دێت کە باس لە لێدوانەکانی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا، دەکات کەتیایدا پشتڕاستی دەکاتەوە واشنتۆن بەردەوامدەبێت لە دابینکردنی پشتیوانی پێویست بۆ ئۆکرانیا، دەشڵێت لەپێناو بەرگریکردن لە خۆی سیستمی پێشکەوتووی بەرگری ئاسمانی پێدەدات.

ئاژانسەکانی هەواڵ باسلەوەش دەکەن، پێش دەستپێکردنی جەنگی نێوان روسیا و ئۆکرانیا واشنتۆن هاوکاری سەربازی گەورەی پێشکەش بە ئۆکرانیا کردووە و لەکاتی سەرهەڵدانی جەنگەکەشدا زیادی کردووە، قەبارەی هاوکارییەکانی ئەمریکا بە ملیاران دۆلار دەخەمڵێندرێت و گرنگترینیان لە پێنجی ئەم مانگەدا بوو بە بەهای ٦٢٥ ملیۆن دۆلار.

رۆژی دووشەممە، روسیا لەڕێگەی چەندین موشەکەوە لە ئاسمان و وشکانی و دەریاوە هێرشێکی بەرفراوانی کردە سەر شارەکانی ئۆکرانیا و ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی روسیا رایگەیاند، هێرشەکانیان لە وەڵامی ئەو هێرشانەدا دێت کە دەکرێنە سەر ژێرخانی ئابوری روسیا وەک هێرشەکەی سەر پردی کریمی ناسراو بە پردی کیرتش کە خاکی روسیا دەبەستێتەوە بە نیمچەدوورگەی کریمییەوە.













گەلەری