جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی روسی رایگەیاند، چوار دۆخ هەن کە بەگوێرەی بەڵگەنامەیەکی فەرمی روسیا دەتوانێت چەکی ئەتۆمی بەکار بهێنێت. دەشڵێت، "روسیا مافی خۆیەتی بەرگری لە خۆی بکات".
ئەمڕۆ شەممە، دیمیتری مدفیدیف جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی روسی رایگەیاند، لە بەڵگەنامەیەکدا چوار دۆخی تایبەت تۆمار کراون کە تیایاندا حکومەتی روسیا دەتوانێت بە ئامانجی بەرگریکردن لە خۆی و هاوپەیمانەکانی چەکی ئەتۆمی بەکار بهێنێت.
ئاماژەی بەوەشداوە، بەگوێرەی
بەڵگەنامەکە:
١-هەرکاتێک هێرشی موشەکی
بکرێتە سەر روسیا و تیایدا چەکی وێرانکردنی ئەتۆمی تێدا بەکاربێت.
٢- بەکارهێنانی چەکی
ئەتۆمی بەهەموو شێوازە جیاوازەکانییەوە دژی روسیا یان هاوپەیمانەکانی.
٣- هێرشکردنە سەر ژێرخانی
زیندوی روسی و پەکخستنی سیستمی بەرگری ئەتۆمی روسی.
٤- هەرکاتێک ئۆپراسیۆنێکی
دوژمنکارانە دژی روسیا یان هاوپەیمانەکانی ئەنجامبدرێت و ببێتە هۆی هەڕەشە لەسەر
بوونی دەوڵەتی روسیا، با بەچەکی ئەتۆمیش نەبێت.
دیمیتری مدفیدیف ئەوەشی
خستووەتەڕوو، لەهەموو دۆخێکدا، بە دۆخە سەختەکانیشەوە، گفتوگۆ و دانوستان باشترین
بژاردەیە لەبەردەم سەرجەم هێزەکاندا.
ئەمە لەکاتێکدایە،
بەهۆکاری هێرشەکانی روسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، کە مانگێکی تێپەڕاندووە، ئەمریکا و
وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا و هاوپەیمانەکانیان زنجیرەیەک سزای توندی بازرگانی و
دارایی و ئابورییان بەسەر روسیادا سەپاندووە و چەندین جاریش لەبەرامبەردا هەواڵی
ئەگەری بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی لەلایەن روسیاوە بڵاوکراوەتەوە.