پەرلەمانتارێکی نەوەی نوێ رایگەیاند، حکومەتی کاربەڕێکەر دەستیگرتووە بەسەر پارەی ئەو کارمەندانەی هەڵمەتی کوتانی سیانییان بۆ هاوڵاتیان ئەنجامداوە، حکومەتی کاربەڕێکەریش وەڵامی ئەو پەرلەمانتارەی نەوەی نوێی داوەتەوە و دەڵێت، بەغدا هیچ بڕە پارەیەکی بۆ نەناردوون. لەکاتێکدا بەگوێرەی نوسراوێکی خودی حکومەتی کاربەڕێکەر، لە مانگی ١٠ـی ساڵی رابردووەوە بەغدا پارەکەی خەرجکردووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٧ـی ئازاری ٢٠٢٥، وەزیرە ئەحمەد، پەرلەمانتاری نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق باسی لەوەکردووە، پارەی ئەو کارمەندانە کە لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە بۆ هەرێم خەرجکراوە، ملیارێک و ٧٥ ملیۆن و ٩٢٦ هەزار دینارە، بەڵام تا ئێستا لە هەرێم خەرجنەکراوە و حکومەتی کاربەڕێکەر دەستی بەسەرداگرتووەو هاوشێوەی مووچەی مانگی (١٢)ـی ساڵی رابردوو دەیەوێت ئەوەش بخوات.
لە بەرامبەریشدا، وەزارەتی دارایی حکومەتی
کاربەڕێکەر وەڵامی ئەو پەرلەمانتارەی نەوەی نوێی داوەتەوە و دەڵێت، هێشتا بەغدا هیچ بڕە پارەیەکی ئەو کارمەندانەی خەرج نەکردووە.
ئەوەش لەکاتێکدایە، بە گوێرەی چەند نوسراوێکی خودی حکومەتی
کاربەڕێکەر، پارەکە لە بەغداوە خەرجکراوە و تەنانەت وەزارەتی دارایی هەرێم پارەکەی
رەوانەی وەزارەتی تەندروستیش کردووە و بەحساب دابەشکراوە.
بەگوێرەی راگەیەنراوێکی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی کاربەڕێکەر، لە
مانگی ١٠ـی ساڵی رابردوو پارەکە بۆ هەرێم خەرجکراوە. بەگوێرەی نوسراوێکی وەزارەتی
داراییش کە واژۆی ئاوات جەنابی پێوەیە، لە ٢٤ـی ١١ـی ٢٠٢٤ پارەکە بۆ وەزارەتی
تەندروستی نێردراوە.
دواتریش و بە گوێرەی نوسراوێکی وەزارەتی تەندروستی لە ١٨ـی ١٢ـی ٢٠٢٤ کە واژۆی سامان بەرزنجی پێوەیە، پارەکە لە بەغداوە بۆیان نێردراوە و ئەوانیش
بڕیاری خەرجکردنی پارەکەیان داوە.
لەکاتێکدا بە گوێرەی نوسراوەکانی خۆیان پارەکەیان وەرگرتووە، کەچی
ئێستا حکومەتی کاربەڕێکەر نکۆڵی لەوە دەکات پارەکەی لە بەغداوە وەرگرتبێت و
دابەشیشی ناکات.
بە وتەی وەزیری تەندروستی، پارەی کوتانەکە یەک ملیار و ٧٥ ملیۆن و ٩٢٦ هەزار دینارە، رۆژی ١٨ـی ١٢ـی ساڵی ٢٠٢٤ بڕیاری خەرجکردنی دراوە، واتە چوار رۆژە بڕیاری
خەرجکردنی دراوە و دابەشکردنەکەی دەستیپێکردووە.