سەرۆکی ئۆکرانیا لە کۆتایی کۆبوونەوەی لوتکەی پاریس کە نزیکەی ٣٠ وڵاتی هاوپەیمانی کیێڤی لەخۆگرتبوو، رایگەیاند ئەوان دەزانن کە روسیا ئاشتی ناوێت و پوتن نیازی باش نییە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٧ـی ئازاری ٢٠٢٥، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لە دوای کۆبوونەوەی لوتکەی پاریس کە بە بەشداری ٢٧ وڵاتی ئەورپی ئەنجامدرا رایگەیاند، روسیا نیازی باش نییە و دەیەوێت کات ببقۆزێتەوە بۆ ئەوەی خاکی زیاتری ئۆکرانیا داگیر بکات و بیخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە.
کۆبونەوەی لوتکەی پاریس کە زیاتر لە سێ کاتژمێری
خایاند لە کۆشکی ئیلیسی، تێیدا دۆخی ئۆکرانیا و کاڵبوونەوەی پەیوەندییەکانی ئەمەریکا
و وڵاتانی ئەورپی لە پرسە سەرەکییەکان بوون، یەکێکی دیکە لە پرسەکان ئەگەری جێگیرکردنی هێزەی هاوبەشی وڵاتانی ئەوروپا لە ئۆکرانیادا، ئەمەش لە چوارچێوەی رێککەوتنی ئاشتیی داهاتوو لەگەڵ روسیا ئەگەر
رووبدات.
لای خۆیەوە، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە
وتارەکەیدا لە لوتکەکەدا ئاماژەی بەوەکرد، ئەوان لێکۆڵینەوە لە پێشنیارەکان دەکەن
سەبارەت بە چۆنییەتی چاودێریکردنی ئاگربەستی نێوان روسیا و ئۆکرانیا، ناوبراو لە درێژەی
قسەکانیدا وتی، دەیانەوێت ئۆکرانیا بخەنە باشترین پێگە لە کاتی دانوستانەکاندا.
باسی
لەوەشکرد، کە کۆبوونەوەی پاریس بەردەوامی پشتیوانی سەربازی بۆ ئۆکرانیا دووپاتکردەوە.
لە بارەی هەڵگرتنی سزاکانی سەر روسیاشەوە سەرۆکی
فەرەنسا ئەوەشی خستووەتەڕوو، هەمووان کۆکبوون هیشتا کاتی ئەوە نەهاتووە و هەڵگرتنی سزاکان سەر لە ئێستادا کارەساتێک دەبێت
بۆ دیپلۆماسی.
هەر لە دوای کۆبوونەوەکە ئۆلاف شۆڵز، راوێژکاری
ئەڵمانیاش رایگەیاند، هەڵگرتنی سزاکانی سەر روسیا لەم کاتەدا هەڵەیەکی گەورە دەبێت
و بە هیچ شێوەیەک هیچ سودێکی نابێت تاوەکوئاشتی بەراستی بەدی نەهێنرێت.
بەریتانیاش هەمان بۆچوونی ئەوانی دیکەی هەبووە
و کیر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا پشتگیری لە هەڵنەگرتنی سزاکانی سەر مۆسکۆ
کرد و جەختی کردووەتەوە لە ئێستادا کاتی هەڵگرتنی سزاکانی سەر روسیا نییە.
ئەمە لەکاتێکدایە، ئەنتۆنیۆ کۆستا، سەرۆکی ئەنجومەنی
ئەوروپاش ئەمڕۆ لە میانی کردنەوەی لوتکەکەدا رایگەیاند، دەبێت فشارەکان لانەبرێن و بمێننەوە کە بەسەر مۆسکۆدا سەپێنراوە
لە دوای داگیرکردنی ئۆکرانیا لە ساڵی ٢٠٢٢ـوە.