سەردێڕ:

وەزارەتی تەندروستی پلان و رێنماییەکانی تایبەت بە جەژنی رەمەزانی بڵاوکردەوە

PM:04:34:27/03/2025

912 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی تەندروستیی هەرێم پلان و ئامادەکارییەکانی بۆ رۆژانی جەژنی رەمەزان بڵاوکردەوە کە ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە، سۆران، گەرمیان، راپەرین، زاخۆ و کۆیەی کردووە.


ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٧ـی ئازاری ٢٠٢٥، وەزارەتی تەندروستی پلان و ئامادەکارییەکانی رۆژانی جەژنی بڵاوکردەوە و دەڵێت، لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی و بەمەبەستی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی لە رۆژانی پشووی جەژنی رەمەزانی پیرۆز، کاری پێویست ئەنجامبدەن بە جێبەجێکردنی ئەو رێکارەکانی دیارییانکردووە.

رێکارەکان بۆ رۆژەکانی جەژن بەم شێوەیەیە:
١-
دانانی لیژنەی بەدواداچوون لەسەرجەم بەڕێوەبەرایەتیی گشتی و نەخۆشخانەکان.

٢- بۆ هەرکارێکی پێویست و لەناکاو پێویستە هێڵی گەرمی پەیوەندی هەبێت.

٣- لە کاتی پێویستدا کۆگاکانی دەرمان و پێداویستیی پزیشکی و تاقیگەیی لەسەرجەم شار و شارۆچکەکان کراوە دەبن.

٤- پابەندبوونی پزیشکانی پسپۆڕ و نیشتەجێی دێرین و خولاو و پەرستار و کارمەندانی تەندروستی بە دەوامی ئێشکگری.

٥- هاتنەژوورەوەی راگەیاندن تەنها لەڕێگای راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیەکان دەبێت.

٦- ئاماری رۆژانە دەبێت لە ماوەی 24 کاتژمێر لە ڕێگای پەیوەندیی مۆبایلەوە لە 8ی بەیانی تاوەکوو 8ی بەیانیی رۆژی دوایی رەوانەبکرێت بۆ بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان.

٧- رۆژانە فۆرمی تایبەت بە ئامارەکان رەوانە بکرێت بۆ بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان.

٨- ئامادەباشی بۆ ئەمبولانس و دابینکردنی گاز و بەنزین بکرێت.

٩- بەدواداچوونی بەردەوام بۆ پرۆژەکانی خاوێنکردنەوە و دابینکردنی خۆراك بکرێت.

١٠- هێڵەکانی مۆبایلی بەرپرس و (مستلم)ی بەشەکان کراوەبێت، وەڵامبدرێتەوە.

١١- نەخۆشخانەکانی فریاکەوتن و نۆرینگە دەرەکییەکان کراوەبن و هەموو سەردان و زانیارییەکانی تایبەت بە نەخۆش تۆماربکەن.

١٢- سەنتەرەکانی پێدانی چارەسەری کیمیاوی بۆ نەخۆشانی شێرپەنجە پێویستە بە شێوەی ئێشکگری کراوەبن.

١٣- سەنتەرەکانی شوشتنی گورچیلە پێویستە بە شێوەی ئێشکگری کراوەبن.

١٤- تیمەکانی فریاگوزاری و هێڵی 122بەردەوامدەبن لە ئەرك و کارەکانیان بە شێوەی 24 کاتژمێری وە هۆبەی پزیشکی فریاکەوتن خشتەی دابینکردنی تیمەکانی دادەنێت بۆ شوێنەکانی پێویست و گەشتیاری.

١٥- خزمەتگوزاریی بانکی خوێن بە شێوەی ئێشکگری 24 کاتژمێری کراوەبێت.

١٦- تیمەکانی (پشکنینی ئاوی خواردنەوەی ماڵان و نەخۆشییە گوازراوەکان و چاودێریی تەندروستی) بەردەوامدەبن لە بەدواداچونەکانیان بەشێوەی ئێشکگری.

١٧- پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی بۆ ئاوارەکان لە کەمپەکان بەردەوامدەبێت.

١٨- تیمی تەندروستی لە شوێنە گەشتیاریەکان دابنرێت بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی بۆ باری لەناکاو.













گەلەری