سەردێڕ:

روسیا: لەسەر ئاگربەستی ئۆكرانیا گەشبینین بەدانوستانەکانی سعودییە

PM:10:56:22/03/2025

1208 جار خوێندراوەتەوە

شاندی دانوستكاری روسیا بۆ ئاگربەستی ئۆكرانیا، گەشبینی خۆیان بۆ كۆبوونەوەكانی سعودییە ئاشكراكردووە و ئاماژەیان بەوەکردووە، بەهیوان پێشكەوتن بەدەستبهێنن.


ئەمڕۆ شەممە ٢٢ـی ئازاری ٢٠٢٥، گریگۆری کاراسین، دانوستانکاری روسیا بۆ ئاگربەستی ئۆكرانیا بە میدیای وڵاتەكەی راگەیاندووە، لەگەڵ سێرگی بێسێدا، كە هاودانوستانکاریەتی و راوێژکاری دەزگای ئاسایشی فیدراڵی روسیاشە، بەهیوان لە دانوستانەكانی رۆژی دووشەممە لە سعودییە "پێشكەوتن" بەدەستبهێنن بەر لەئەوەی ئەمەریكا گفتوگۆ لەگەڵ مۆسكۆ و كیێڤ بۆ گەیشتن بەرێككەوتنی بەئەگەری ئاگربەست بكات.

ئاشكراشیكردووە، بڕیار وایە شاندی دانوستكاری روسیا رۆژی یەكشەممە بەرەو ریازی پایتەختی شانشینی سعودییە بەڕیبكەون و دوای ئەنجامدانی كۆبونەوەكەشیان رۆژی سێشەممە بگەڕێنەوە بۆ مۆسكۆ.

هاوكات، بۆ گەیشتن بەئاگر بەست و كۆتایی هێنان بەجەنگی نێوان روسیا و ئۆكرانیا، بڕیارە وایە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریکا لەڕۆژی دوشەممە هاوتەریب لەگەڵ شاندەکانی ئۆکرانیا و روسیا گفتوگۆ ئەنجام بدات.
ئەوەش لە کاتێکدایە، پێشتر ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا ئاشكرایكردبوو، بەشداری كۆبوونەوەكانی دانوستانی ئاگربەست دەكەن، كە ئەمەریكاش وەك نێوەندگیر بەشداری لە كۆبوونەوەكەی داهاتوودا دەكەن، بەڵام لەگەڵ روسیا لە یەک ژوور دانانیشن تا ئەوكاتەی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەكە چڕتر دەبنەوە.













گەلەری