PM:05:08:21/03/2025
780 جار خوێندراوەتەوە
وەکو وەفاو پێزانینێک بۆ دایک، ٢١ـی ئازاری هەموو ساڵێک بە رۆژی جيهانی دایکان هەڵبژێردراوە، لەم رۆژەدا هەوڵ و ماندوبوونی دایکان بەرز دەنرخێندرێت، بەشێکی زۆر لە خەڵکی بە پێشکەشکردنی گوڵ و دیاری ئەم رۆژە لە دایکیان پیرۆز دەکەن.
لەگەڵ ئەوەی تەواوی وڵاتانی جیهان لەسەر ههڵبژاردنی رۆژێک رێکنەکەوتوون بۆ رۆژی دایک، بەڵام زیاتر لە ٤٠ وڵات لە ٢١ـی ئازار یادی رۆژی دایک دەکەنەوە، هاوکات عێراقیش یەکێکە لەو وڵاتانە.
لەبارەی دیاریکردنی ٢١ـی ئازار وەکو رۆژی جیهانی دایکان، مێژوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ویلایەتیە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەساڵی ١٩٠٨، ئەو کاتەی ئانا جارفیس یادی سێ ساڵەی مردنی دایکی کردەوە لە کەنیسەی ئەندرو لە گرافتن، هەوڵی دا ئەو رۆژە بکات بە رۆژێکی جیهانی چونکە باوەڕی وابوو "دایک کەسێکە زۆرترین کاری بۆ ئەنجامداویت زیاتر لە هەرکەسێکی دیکە لە جیهاندا".
هەر لەو ساڵەدا کۆنگرێسی ئەمریکا رەتیکردەوە ئەو رۆژە وەکو رۆژی جیهانی دایکان دەستنیشان بکرێت، دواتر لە ساڵی ١٩١١ بەهۆی هەوڵەکانی ئانا جاڤیس ئەو رۆژە وەکو رۆژی دایک ناسێندرا.
رۆژی جیهانی دایک لە سەرەتاوە لە وڵاتان رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرنگی پێنەدراوە، چونکە پێیان وابووە هەڵبژاردنی رۆژێک بۆ دایک بەس نییە کە ماندوبوونەکانی دایک بەرزبنرخێنرێت، بەشێکی دیکەش پێیان وابو ئەو بۆنەیە لە وڵاتانی رۆژئاوا سەریهەڵداوە و پێویست نییە لە وڵاتە ئیسلامیەکان یادی بکرێتەوە، بەڵام لە ماوەی ٢٠ ساڵی رابردوو بەشێکی زۆری هاوڵاتیانی عێراق و کوردستان ئەم رۆژە بەرز دەنرخێنن.