ئەندامێکی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، هەوڵێکى نێودەوڵەتى هەیە بۆ دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوتى هەرێم و سبەینێش کۆبونەوە لەسەر هەناردەى نەوتى هەرێم دەکرێت.
ئەمرۆ دووشەممە ١٧ـی ئازارـی ٢٠٢٥، سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق بە میدیای پارتی راگەیاند، ھەوڵێکی جددیی نێودەوڵەتی ھەیە بۆ ئەوەی هەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان دەست پێبکاتەوە و ئەمەریکاش بەردەوام لەسەر هێڵە و سبەی ئێمەش وەکو لیژنەی نەوت و غاز لەگەڵ تیمی وەزارەتی نەوتی عێراق کار لەسەر مەلەفی نەوتی ھەرێم دەکەین.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستادا دوو خاڵ لە بەردەم
هەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە ماون، ئەوانیش دانەوەی قەرزی
کۆمپانیاکان کە زیاتر لە ملیارێک دۆلارە لە ساڵی ٢٠٢٢ لە مانگی ١٠ تاوەکو کۆتایی
مانگی ئازارـی ٢٠٢٣، کە کرێی گواستنەوەی نەوت لەسەر حکوومەتی عێراقە و پێویستە ئەو
قەرزە بداتەوە و سەبارەت بە ١٦ دۆلاریش بۆ کرێی کۆمپانیاکان، پێویستە گرێبەستێک
بکرێت و حکوومەتی عێراق تێیدا بەشدار بێت.
هەروەها، بۆ ئەو مەبەستەش کۆمپانیای ئەپیکۆر پێی
ھەڵدەستێت، بۆیە ئێستا یاساکە ئێمە چارەسەرمان کردووە و تەنیا لایەنی
تەکنیکی ماوە، کە پێویستە وەزارەتی نەوتی عێراق ئەوە چارەسەر بکات، چونکە ئەو پرسە
لە بەرژەوەندیی عێراق و ھەرێمی کوردستانیشدایە.
ئەوەشی خستەڕوو، سبەی وەکو لیژنەی نەوت و غاز ئێمە لە لیژنەی
خۆمان لە پەرلەمان لەگەڵ بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ کاروباری دەرھێنان و
بەڕێوەبەری فەرمانگەی تەکنیکی و بەڕێوەبەری ئابووری و کۆمەڵێک بەرپرسی نەوتی عێراق
کە کاریان لەسەر مەلەفی نەوتی ھەرێم کردووە، کۆدەبینەوە،.