سەردێڕ:

سوریا: فڕۆکەخانەی حەلەب دەست بەگەشتەكانی دەكاتەوە

PM:11:55:15/03/2025

1272 جار خوێندراوەتەوە

دەسەڵاتی فڕۆكەوانی شارستانی سوریا رایگەیاند، سەرجەم ئامادەكارییە تەكنیكی و كارگێڕییەكانیان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی حەلەب تەواوكردووە و لە رۆژی سێشەممە ١٨ـی ئەم مانگە گەشتە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان دەستپێدەكەنەوە.


ئەمڕۆ شەممە ١٥ـی ئازاری ٢٠٢٥، بەگوێرەی راگەیەندراوێكی دەسەڵاتی فڕۆكەوانی شارستانی سوریا، ئاژانسی هه‌واڵی عەرەبی سوریا (سانا) بڵاویكردەوەتەوە، رۆژی سێشەممە كە دەكاتە ١٨ـی ئەم مانگە كارەكانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی حەلەب دەسپێدەكەنەوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئێستا فڕۆكەخانەكە ئامادەیە بۆ وەرگرتی گەشتە ئاسمانیەكان وتەواوی ئامادەكارییەكان كراون و كارە تەكنیكی و كارگێڕێیەكانیش تەواوكراون و هاوکات لەگەڵ کردنەوەی فڕۆکەخانەكە، گەشتە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان دەستپێدەكەنەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكەی دەسەڵاتی فڕۆكەوانی شارستانی سوریا، فڕۆكەخانەكە پێشوازی لە هەموو ئەو هێڵە ئاسمانییانە دەكات کە دەیانەوێت گەشتەکانیان بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی حەلەب و گەڕانەوە ئەنجام بدەن.

ئەوە لەكاتێكدا، لە سەرەتای پێشڕەوییەكانی گروپە چەكدارەكانی سوریا لە ئیدلیبەوە بۆ دیمەشق بە مەبەستی روخانی دەسەڵاتەكەی بەشار ئەسەد لە كۆتاییەكانی ساڵی رابردوو، هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) چوونە نێو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی حەلەب و کۆنترۆڵیان کرد، بەڵام دواتر لێی كشانەوە و رادەستی گروپە چەكدارەكانی سوریایان كرد.













گەلەری