دکتۆر هەرێم کەمال دوای کوژرانی دایک و باوکی و دوو خوشکی وردەکاری رووداوەکەی بڵاوکردەوە و وتی، لە بنەماڵەکەمان، کە ١٠ کەس بووین، دابەش دوو کراین، ئێستا تەنها ٥ کەس ماوین، دەشڵێت، ئەوەی روویدا، بێ وێنەیە لە دڕندەیی، هەولێر، کوردستان، هەموو جیهان شڵەژاوە.
ئەمڕۆ شەممە ١٥ـی ئازارـی ٢٠٢٥، دکتۆر هەرێم کەمال رایگەیاند، "هاوڕێیان، خۆشەویستان، مرۆڤ دۆستان، ئێمە کۆمەڵکوژ کراین". با لۆتان باس بکەم، چۆن کۆمەڵکوژ کراین؟
ناوەڕۆکی رووداوەکە لە زاری دکتۆر هەرێم کەمال:
دڕندەکە، هاتە ژوورەوە، گۆتی سانا وەرە پێشم بکەوە. گۆتی نایەم. (سانا، کە
خێزانی بوو، خوشکی گەورەمانە، پزیشکی پسپۆڕی ئافرەتان و لەدایک بوونە. تا بڵێی دڵسۆز
و خەمخۆری هەموومان بوو، زۆر بەخشندەو خێرکەر بوو، زۆر یارمەتی خەڵکی دەدا، زۆر هەوڵی
پەروەردەکردنی منداڵەکانی خۆی دەدا، هەرچەند باسی بکەم، تا لەنزیکەوە نەیناسی،
نازانی چ کەسێک بوو). سانا کە گۆتی نایەم، دڕندەکە دەمانچەکەی دەرهێنا. سەناریای
خوشکم (سەناریا، کە پزیشکی پایەبڵندی سۆنەرە و قوتابی بۆردە، پەپولەی ماڵەکەمان
بوو، زۆر زۆر موزەحی بوو، راگری ماڵەکەمان بوو، خەمخۆرو فریادڕەسی هەموومان بوو، دەست
و پێی داکو بابم بوو، لە هەرکەسیک کە هاوڕێی بوو بپرسن، بڵێن کەسێکی چۆن بوو، ئەوکاتە
دەزانن کێ بوو)
سەناریا، هەر وەکو پیشەی خۆی کە موزەحی ماڵەکەمان بوو، هەوڵدەدات دەستی ئەو
نامرۆڤە بگرێت، کە هەردوو دەستی دەگرێت، پاش پاڵپێوەنانی یەکتر، یەکەم گولەی لە ملی
داوە، سەناریا کەوتە خوارەوە، ئینجا دەستی کرد بە تەقەکردن لە سانا و هەرزوو پاش
گولە لێدان لە سنگی، گیانی دەردەچێت. دواتر دووبارە چەند گولەیەک لە سەناریا دەدات،
ئەوجا دووبارە دێتەوە سەر سانا و گولەی تری پێوە دەنێت. پاشان دایکم کەوەکو دەڵێن
سانای لەباوەش کردیە، گولەکانی لە پشتەوە لێداوە، داکم (صباحت، خۆشەویستی خەڵکان،
قسە خۆشی ناو مەجلسان، خێرکەری ناو خێزانمان، رۆح و گیانی ئەمن بوو).
پاشان نۆرەی بابم هاتیە،(بابم، کەسێکی تابڵێی تێگەیشتوو، خوێنەوار، ٤٠ ساڵ
لە تەمەنی مامۆستا بووە، پێگەیەکی دیاری هەیە لەناو کۆییان، تا بڵێی قسە و مەجلیسی
خۆش بوو)بابم بە گۆپاڵەوە هاستایتەوە، ئەویش چەند گولەیەکی لێدراوە. سەهەندی
خوشکم، کەلەهەمان هۆڵ بوونە، پێی گۆتیە نەیە پێش دەنا دەتکوژم، هەر هاواری کردیە،
دە توخواااااا بەسسسە، توخوااااا بەسسسە، هەمووت کوشتن، ئەو هاوارە، گەیشتە هەر ٧
تەبەقی ئاسمان، بەڵام نەگەیشتە سەر دڵ و دەروونی ئەو بێ نا مرۆڤە. ئەنجا چووەوە
پاش، وە دووبارە گەڕایەوەو پاش ماخزەن گۆڕین، هەریەکەو هەندەک گولەی تری پێوەنان.
لاڤینی کچی سەهەند، و کارینی کچی سیابۆ، گولەی باوانیشەوە نابوو، لاڤین بە قاچی کەوتووە،
و کارینیش بە ئاراستەی پشتی بوو، بەڵام بەری نەکەوتووە. سۆمای خوشکی گچکەم، کە دەمانچەی
لەسەر ویش دانابوو، لۆخۆشی نازانی کو لێی نەدابوو، ئینجا لەدوای چوونە دەری، ٤ تەرمی
بەجێی هێشت. دوا قسەی سەناریا، بە سۆمای خوشکمی گۆتبوو ئاگات لە منداڵاکانت بی.
دوا قسەی بابیشم، بە پێکەنیەوە گۆتبووی هەموومانی كوشت. ساناو داکیشم بی هیچ وشەیەک
گیانیان دەرچووبوو.