سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، سوورن لەسەر بنیادنانی عێراقێکی نوێ و کار لەسەر ئەوە دەکەن کە گروپە چەکدارەکان لە چوارچێوەی یاسادا یەکبخەن. دەشڵێت، ئەمریکا هاوبەشێکی سەرەکیی عێراقە و دەیانەوێت پێکەوە پەیوەندییەکی سەقامگیریان هەبێت.
ئەمڕۆ سێشەممە ٢١ـی کانونی دووەمـی ٢٠٢٥، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، واشنتۆن هاوبەشێکی سەرەکی عێراقە، هەر بۆیە حکومەتی عێراق کار بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکی دامەزراوەیی سەقامگیر دەکات لەگەڵ ئەو وڵاتە.
وتیشی، سوورن لەسەر
بنیادنانی عێراقێکی نوێ و کار لەسەر ئەوە دەکەن کە گروپە چەکدارەکان لە چوارچێوەی
یاسادا یەکبخەن.
ئاماژەی بەوەش کردووە، عیراق
رۆڵی نێوەندگیر لە ناوچەكدا دەبینێت و بەغدا بووەتە ناوەندی گفتوگۆی سەرجەم
لایەنەکان.
پێشتریش فواد حسێن،
وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاندبوو، لە گفتوگۆدان لەگەڵ گروپە چەکدارەکان کە یان چەک
دابنێن، یاخوود ببنە بەشێک لە سوپای نیشتمانیی.
باسی لەوەشکردبوو،
بوونی چەک لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت کارێکی قبوڵنەکراوە، هەر بۆیە لە هەوڵی
ئەوەدان بڕوا بەو گروپە چەکدارانە بهێنن کە پێشتر هێرشیان دەکردە سەر بنکەکانی
ئەمریکا لە ناوخۆی عێراق و ئیسرائیل، چەک دابنێن.