PM:12:46:03/01/2025
2676 جار خوێندراوەتەوە
بەرپرسی سنورەکان لە ئیدارەی ترەمپ رایگەیاند، لەگەڵ دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ لە کۆشکی سپی پلانەکانی تایبەت بە دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەرە نایاساییەکان دەستپێدەکەن کە تیایدا هێزەکانی سوپا بۆ ئەو مەبەستە بەکاردەهێنرێت، لای خۆشیەوە ترەمپ بەڵێنی داوە گەورەترین پرۆسەی دیپۆرتکردنەوە لە مێژووی ئەمریکا ئەنجامبدات و وڵاتەکەی لە تاوانباران پاکبکاتەوە.
هەوڵەکانی دیپۆرتکردنەوەی بەکۆمەڵی کۆچبەران کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا بەڵێنی پێدابوو، پایەیەکی سەرەکی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی بوو، کە پێدەچێت ئیدارە نوێیەکەی بە تەواوی کاربکات بۆ جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنەی هەڵبژاردن.
لەو چوارچێوەیەدا تۆم هومان، بەرپرسی سنورەکان لە ئیدارەی ترەمپ دەڵێت، ئەو
بیرۆکەیە بەجدی خراوەتەڕوو، بەڵام هێشتا
پلانەکە بە تەواوی دانەنراوە و چاوەڕێی کۆمەکی دارایی دەکەن لە کۆنگرێس، وتیشی بنکە
سەربازییەکان بۆ کۆکردنەوەی کۆچبەران و گواستنەوەیان لە رێگەی فڕۆکەی سەبازییەوە بەکاردەهێنن.
لەو نێوەندەدا ترەمپ داوای دابینکردنی بڕی ٨٦ ملیار دۆلاری کردووە بۆ ئەو
پرۆژە گەورەیەی و داخستنی سنورەکانی وڵاتەکەی بە رووی کۆچبەراندا.
ئەوە لە کاتێکدایە ساڵانێکی زۆرە کۆچبەرانی هاتوو لە وڵاتانی ڤەنزوێلا و
کوبا و چەند وڵاتێکی تری ئەمریکای لاتین بۆ ئەمریکا، بۆتە یەکێک لە قەیرانەکانی
حکومەتی واشنتۆن و تەنیا لە ماوەی ساڵی رابردوودا ٢٧٠ هەزاریان دیپۆرتکراونەتەوە،
بەڵام بەو پێیەی سنورەکانی ئەمریکا کراوەن، بەردەوام لێیانەوە بە لێشاو کۆچبەری نایسایی
روویان تێدەکەن.