PM:10:57:30/12/2024
2040 جار خوێندراوەتەوە
سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ئەو دەنگۆیانەی باس لە دواخستنی هەڵبژاردن دەکەن، راست نین، بە هەموو شێوەیەکیش رەتیکردەوە، هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەران دوابخرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە ٣٠ـی کانونی یەکەمـی ٢٠٢٤، نووسینگەی راگەیاندنی مەحمود مەشهەدانی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لەبەر رۆشنایی ئەو دەنگۆ و هەواڵانەی هەندێک لە ئاژانس و کەناڵەکانی میدیا باسی دەکەن، سەبارەت بە دواخستنی هەڵبژاردن لەعێراق، جەختدەکەینەوە ئەو لێدوانانە راستنین و لێدوانی لەو شێوەیە بە هەموو شێوەیەک رەتدەکەنەوە.
هاوکات، داوای لە دەزگاکانی راگەیاندن کردووە، ورد بن و پشت بە لێدوان
و راگەیەندراوی فەرمی ببەستن، بۆ زانینی هەڵوێستی فەرمی، چونکە ئەوەی گواستراوەتەوە
و قسە و باسی لەسەرکراوە لەلایەن هەندێک میدیاوە راست نییە.
ئەو رەتکردنەوەیە لەکاتێکدایە، پێشتر مەحمود مەشهەدانی لە دیدارێکی تەلەفیزیۆنیدا
رایگەیاندبوو، ئەگەر یاسای هەڵبژاردن پەسەند بکرێت، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنى نوێنەران
لەکاتی خۆیدا ئەنجامدەدرێت، بەڵام ئەگەر بارێکی لەناکاو بێتە پێشەوە، ئەگەری
دواخستنی هەیە.
ئەوەش لەکاتێکدا، بڕیارە هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق
لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥ بەڕێوەبچێت، پاش ئەوەی بیرۆکەی هەڵبژاردنی پێشوەختە هەڵوەشێنرایەوە،
کە پێشتر لەلایەن محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە بەڵێنی لەبارەوە
درابوو.