سەردێڕ:

جارێکی دیکە حکومەت کێشەی بۆ مووچە دروستکردووە و داوای پارەی زیاتر لە بەغدا دەکات

PM:08:20:07/11/2024

1588 جار خوێندراوەتەوە

بەپێی دواین لیستی مووچە کە بۆ مووچەی مانگی ١٠ رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کراوە، حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم داوای زیاتر لە یەک ترلیۆن و ١٠٠ ملیار دیناری کردووە بۆ مووچەی یەک مانگ.


لەبەرامبەریشدا، چاوگێک لە وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، هەرێم رووبەڕووی کورتهێنان دەبێتەوە و هەرجارێک لیست دەنێرێت ناو زیاد دەکات و داوای پارەی زیاتر دەکات.

لای خۆشیەوە، مستەفا گەرعاوی ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بەشێوەیەکی گشتی لەڕووی داراییەوە هیچ گرفتێک نییە بۆ مووچە، تا کۆتایی ساڵ مووچە دابین کراوە تەنانەت بۆ هەرێمی کوردستانیش بەپێی خەرجی راستەقینە مووچەیان بۆ بەردەستە.

لەلایەکی دیکەوە، جەلیل لامی چاودێری سیاسی و شارەزای ئابووری بۆ ئێن ئاڕ تی باسی لەوە کرد، حکومەتی هەرێمی کوردستان تا ئیستا لیستێکی پاک و بێ گرفتی بۆ مووچەی هێزە ئەمنییەکان نەناردووە بۆ بەغدا، ئەو لیستانەی نێردراون بەردەوام گرفتیان تێدا بووە و زەرەرمەندی یەکەمیش لەم دۆخەدا مووچەخۆراننی هەرێمن.

ئەوەش لەکاتێکدایە، بەپێی نووسراوێک دەبێت هەموو مانگێک لە ١٠ رۆژی یەکەمی مانگەکەدا لیستی مووچە بدرێتە وەزارەتی دارایی عێراق بۆ ئەوەی تەموویلی مووچە دوانەکەوێت بەڵام هەرێم پابەند نییە، پێشمەرجی عێراقیش بۆ بەردەوامی مووچەی هەرێم رادەستکردنی داهاتی ناونەوتییە.













گەلەری