سەردێڕ:

نوێترین زانیاری لەبارەی لیستی مووچەی مانگی ١٠

AM:11:56:05/11/2024

49488 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتى دارایی عێراق بە ئێن ئاڕ تى راگەیاند، لە دوێنێوە دەستیان کردووە بە وردبینى لە لیستى موچەى مانگی ١٠ـى هەرێم و دواى تەواوبونی وردبینیش پارەى مووچەکە دەنێرن.


پاش ئەوەى حکومەتى کاربەرێکەر رایگەیاند، لیستى مووچەیان دووبارە رەوانەى بەغدا کردووەتەوە، وەزارەتى دارایی عێراق بە ئێن ئاڕ تى راگەیاند، لیستی مووچەکەیان بەدەست گەیشتووە و وردبینى لە لیستەکە بەردەوامە.

بەپێی نوسراوێکی فەرمی وەزارەتی دارایی عێراق دەبێت هەموو مانگێک لە ١٠ ڕۆژی یەکەمی مانگەکەدا لیستی مووچە و دەرخستەی کۆتایی مانگانە بدرێتە وەزارەت بۆ ئەوەی تەموویلی مووچە دوانەکەوێت بەڵام هەرێم پابەندی ئەو ڕێنمایە نییە. 

هەروەها، پێشمەرجی عێراق بۆ بەردەامی مووچەی هەرێم ڕادەستکردنی داهاتی ناونەوتییە، بەڵام هەرێم ئامادە نییە دەست لە نیوەی ئەو داهاتە هەڵبگرێت یان بۆ بەغدا یان بۆ موچە، ئەمەش کێشەی مووچە قوڵتردەکاتەوە.

ساڵى رابردوو حکومەتى کاربەڕێکەر بەهۆى پابەندنەبوونیەوە بە یاسای بودجە، لەوانەش رادەستنەکردنى داهاتەکان، نەیتوانى سوود لە گەورەترین بودجە لە مێژووى عێراقدا ببینێت، نەک هەر ئەوە، بەڵکو بەهۆى پاکنەکردنەوەى لیستى مووچە و ئامادەنەکردنى لیستێکى رێک و پێکی مووچەى مووچەخۆران لەلایەن ئەو حکومەتەوە، مووچەى سێ مانگی کۆتایی ساڵەکە فەوتا.

حکومەتى کاربەڕێکەر کە لە ئێستادا کاری بۆ تەنها ئامادەکردنى لیستى مووچە کورت بووەتەوە، بەڵام ئەمساڵ هیچ مانگێک بە دروستى لیستى مووچەى رەوانەى بەغدا نەکردووە و هیچ مانگێکیش لەکاتى خۆیدا مووچەى دابەشنەکردووە.

خۆدزینەوەى حکومەتی کاربەڕێکەر لە مووچە لە کاتێکدایە، داهاتى ناوخۆی هەرێم بەپێى راپۆرتى حکومەتى کاربەڕێکەر مانگانە ٤٥٢ ملیار دینارە و هاوکات داهاتى نەوتى قاچاخیش بە٥٠٠ملیۆن دۆلاری مانگانە دەخەمڵێنرێت، بەڵام لە ١٣ مانگى رابردوودا حکومەتى کاربەڕێکەر تەنها ٩ مووچەى دابەش کردووە و هیچ کاتێکیش وەڵامێکى روونى ئەو پرسیارەى نەداوەتەوە کە بۆچى لە داهاتەکانى ناوخۆ و نەوت مووچە دابەش ناکات.













گەلەری