سەردێڕ:

پەرلەمانی عێراق دەستی بە جیاکردنەوەی دەنگەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان کردووە

PM:06:03:31/10/2024

1052 جار خوێندراوەتەوە

پەرلەمانی عێراق دەستی کرد بە جیاکردنەوەی دەنگەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ و ٢٧١ پەرلەمان دەنگیان داوە. بەگوێرەی زانیارییەکانیش کاندیدی سوننەکان لەپێش کاندیدەکانی دیکەوەیە.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ دەستی پێکرد و هەریەکە لە مەحمود مەشهەدانی و سالم عیساو و تەلاڵ روبەیعی و عامر عەبدولجەبار کاندیدن بۆ ئەو پۆستە.
بەگوێرەی زانیارییەکانیش، مەحمود مەشهەدانی کاندیدی سوننەکان زۆرترین دەنگی بەدەست هێناوە کە ٨٤ دەنگە و دوای ئەویش سالم عیساوی ٥٤ دەنگ و عامر عەبدولجەر شەش دەنگ و پێنج دەنگیش پوچەڵ بوون. 

هەر ئەمڕۆ، مەحمود مەشهەدانی کاندیدی لایەنە سونەکان بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان رایگەیاند، یەکێتی و پارتی پاڵپشمانن لە دەنگدان بۆ سەرۆکی پەرلەمان.

پێشتر، حەیدەر مولا ئەندامی پەرلەمانی عێراق سەربە هاوپەیمانی عەزم بۆ میدیا عێراقییەکان ئاماژەی بەوە کرد، سەرجەم لایەنە سوننەکان رێککەوتوون لەسەر تێپەراندنی مەحمود مەشهەدانی بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان.

رۆژی ١٤ـی ١١ـی ساڵی رابردوو، دادگای فیدراڵیی عێراق، لەسەر سکاڵای لەیس دلێمی پەرلەمانتاری پەرلەمانی عێراق، کۆتایی بە ئەندامێتی محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمان هێنا.

حەلبوسی دوو دۆسیەی لە دژ کرابووەوە، یەکەمیان دۆسیەکەی پەرلەمانتار لەیس دلێمی بوو، کە بەهۆی ئەم دۆسیەیەوە دادگای فیدراڵی حەلبوسی لە پەرلەمان دوورخستەوە، بەوپێیەی حەلبوسی ئەو پەرلەمانتارەی ناچاركردووە پێشوەختە نووسراوی دەستلەكاركێشانەوەی بۆ بنووسێت، دادگای فیدراڵیش دەستلەکارکێشانەوەکەی دلێمی بە نایاسایی ناوبردووە.














گەلەری