سەردێڕ:

گردبوونەوەی کاسبکاری مەیدانی ئاژەڵانی سلێمانی دژی داگیرکردنی شوێنی کارەکەیان بەردەوامە

PM:02:45:27/10/2024

1220 جار خوێندراوەتەوە

گردبوونەوەی کاسبکارانی مەیدانی ئاژەڵانی سلێمانی دژی دەستبەسەراگرتنی مەیدانەکە بەردەوامە و باس لەو دەکەن، چەندین ساڵە لەو شوێنە کار دەکەن و هەموو بژێوی ژیانیان لەسەر ئەو کارەیانە.


ئەمڕۆ یەکشەممە، بەشێک لە کاسبکارانی مەیدانی ئاژەڵانی سلێمانی دژی دەستبەسەراگرتنی مەیدانەکە گردبوونەوە و ئاماژەیان بەوە کرد، زەوی مەیدانەکە دراوە بە کۆمپانیایەک و قەرەبوو نەکراونەتەوە.

ئەوەشیان خستە روو، ئاژەڵەکایان لەنێو مەیدانەکەدا بە برسێتی ماونەتەوە و کۆمپانیاکە بە خۆڵ شەقامی بەردەم مەیدانەکەی داخستووە و رێگریان لێ دەکەن ئیش بکەن.

دەشڵێن، بەبێ ئاگاداری ئەوان شەقامەکە داخراوە و کاتێک هاتوونەتە سەر کار بینیویانە ناتوانن بچنە نێو میدانەکە و بە زۆر شوێنی کارەکانیان داگیر دەکرێت و هیچ قەرەبوویەک نەکراونەتەوە. دەشڵێن، "بەردەوام دەبین لە گردبوونەوە تاوەکو وەڵامی داواکارییەکانمان دەدرێتەوە".

ئاماژەیان بەوەش کرد، رەتی دەکەنەوە بڕۆنە مەیدانە نوێکە، چونکە نرخی دوکانەکانی زۆر گرانن و لە توانایاندا نییە، بەڵام حکومەتی کاربەڕێکەر دەستی خستووەتە بینەقاقای کاسبکاران و بەبێ قەرەبوو دەریان دەکات، ئەوان نایانەوێت مافی کەس بخۆن تەنها دەیانەوێت بەبێ بەرامبەر لە مەیدانە نوێیەکە قەرەبوو وەربگرن.













گەلەری