سیناریۆکانی داهاتووی سوریا
PM:02:21:25/12/2024
680 جار خوێندراوەتەوە
ئەنوەر حسێن بازگر
+
-
گرنگترین بزووتنەوە، رێکخراوە چەپ، ئەنارکیست، ژینگەخوازو دژە فاشیستەکان،
كەپشتیوانی لە ڕۆژئاڤا دەكەن، پاش ڕووداوەكانی سوریا، (مەزڵوم عەبدی) فەرماندەی (هەسەدە)
ڕایگەیاند ئەو هێزانەی هاتبوون بۆ پشتیوانی شۆڕشی ڕۆژئاوا، سوپاسیان دەكەین و داوا
دەكەین بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەكانی خۆیان كە پێكهاتوون لەم هێزانە:
1- بەتالیۆنی ئازادیی نێونەتەوەیی (International Freedom Battalion): گرووپێکی چەکدارە و پێکهاتووە لەکۆکراوەی ئەو جەنگاوەرە چەپە بیانییانەی
لەپاش شۆڕشی گەلانی سووریا لەپاڵ یەکینەکانی پاراستنی گەلدا دەجەنگن، بەتەواوی پشتیوانیی
شۆڕشی رۆژئاڤا بوون و دژ بەدەوڵەتی ئیسلامی لەعێراق و شام (داعش) دەوەستانەوە، ئەم
بەتالیۆنە لە (10/7/2015) لەناوچەی «سەرێکانی» دامەزرا، لەناو ئەم گرووپەدا چوار
ئاڕاستەی ئایدیۆلۆژیی سەرەکی بوونیان هەیە، کە ئەوانیش پێکهاتوون لە: (مارکسیست لینینیستەکان
، خۆجەییەکان [دەگەڕێنەوە بۆ ئەنوەر خۆجەی ئەلبانی]، ماویستەکان ، ئەنارکیستەکان).
2-پارتی کۆمۆنیستی مارکسیست لینینیستی تورکیا: پارتێکی نهێنیی دژ بەدەسەڵاتدارانی
تورکیایەو ساڵی (1972) لەلایەن ئیبراهیم کایپاکایا) دامەزراوە. لەساڵی (2007)ـەوە
خراوەتە ریزی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی تورکیاوە.
3- پارتی کۆمۆنیستی تورکی: ساڵی (1994) دامەزراوە.
4- یەکینە نێونەتەوەییەکانی پاراستنی گەل: ئەم لیوایە ساڵی (2016) لەلایەن
جەنگاوەری بەڕەگەز ئیتاڵی (کەریم مارسیلۆ فڕانچیزی) دامەزراوە، دامەزراندنی ئەم یەکینەیە
دەگەڕێتەوە بۆ پێشنیاری ئەو جەنگاوەرە بیانییانەی دەگەیشتنە سەر خاکی سووریاو دەیانویست
پەیوەندیی بەلیوایەکی سەربازییەوە بکەن، بەشی زۆری ئەندامانی ئەم لیوایە پێکهاتوون
لەکۆمۆنیست و سۆسیالیست و ئەنارکیستەکانی ئەورووپا، لەسەرەتای هاتنیاندا بەیاننامەیەکی
هاوبەشیان بڵاوکردەوەو تێیدا پڕەنسیپەکانی خۆیان بەیان کردو رایانگەیاند کەئەمە بەرەیەکی
هاوبەشی کۆمۆنیستەکان و ئەنارکیستەکانەو هەموویان دژ بەفاشیزمی داعش تێدەکۆشن.
5- پارتی بەرەی رزگاریی میللیی شۆڕشگێڕی تورکیا: ساڵی (1978) دامەزراوەو
ساڵی (1994) ناوەکەی گۆڕاوە.
6- بونیادنانەوەی کۆمۆنیستی (Reconstrucción
Comunista): رێکخراوێکی
مارکسیست لینینیستی ئیسپانییەو ساڵی (2014) دامەزراوە، بەشداریی لەچەند چالاکییەکی
سەربازیی رۆژئاڤاو تەنانەت شەنگالیشدا کردووە.
7- یەکێتیی شۆڕشگێڕان بۆ هاوپشتیی نێونەتەوەیی (RUIS): یەکەیەکی سەربازیی ئەنارکیستی یۆنانییەو ساڵی (2015) دامەزراوە، بە
گشتی ئەندامەکانی لەخۆبەخشە یۆنانییەکان پێکهاتووە.
8- لیوای بۆب کرەو (BCB): گرووپی یەکێتییە کرێکارییەکانی ئایرلەندایە، ساڵی (2014) دامەزراوە.
9- لیوای هێنری کراسووکی (Henri Krasucki
Brigade): گرووپێکی چەکداری
فەڕەنسییەو ساڵی (2015) دامەزراوە.
10- هێزی گەریلای میللیی شۆڕشگێڕی نێونەتەوەیی (IRPGF): هێزێکی ئەنارکیستی نێونەتەوەیی بێ ڕابەرو بێ پەیکەری رێکخراوەییەو ساڵی
(2017) دامەزراوە.
11- یاخیبوونی هاوڕەگەزخوازان و سووپای رزگاری: ساڵی (2017) دامەزراوە.
12- ترۆمبۆلپلێکس: بزووتنەوەیەکی ئەنارکیستیی ئەمریکییەو ساڵی (1993) دامەزراوە.
13- زاد: بزووتنەوەیەکی فەڕەنسییەو ساڵی (1993) دامەزراوە.
14- کەتیبەی ئازادیی ئینتەرناسیۆنالیستی: ئەم کەتیبەیە لەناو هێزەکانی
سووریای دیموکرات (هەسەدە) دەجەنگان و ئەو هێزە بوون کە لە ساڵی (2017) و دوای
پاککردنەوەی پارێزگای ڕەقە لە تیرۆریستانی داعش، هاوشێوەی هەڵکردنی ئاڵای سۆڤێت لە
بەرلین پاش سەرکەوتنی سۆڤێت بەسەر ئەڵمانیادا لە کۆتاییەکانی جەنگی جیهانیی دووەم،
بە هەمان شێوە ئاڵای سۆڤێتیان لەو پارێزگایە هەڵکرد.
15- هێزی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی فاشیزم.
16- هێزی بەرەنگاریی فاشیزمی جیهانی .(AIT)
17- رێكخراوی كوردستانی - حزبی كۆمۆنیستی ئێران (كۆمەڵە) جەرەیانێكی چەپ
و ماركسیستی كوردو ئێرانییە، لەساڵی (1983) دامەزراوە، دژی حكومەتی ئێران دەجەنگێت
بۆ رووخان و هێنانە كایەی سیستمێكی كرێكاری و سۆسیالیستی، هێزێكیان نارد بە مەبەستی
پشتیوانی لەهێزەكانی (یەپەگە) و (هەسەدە)، بەڵام لەسنوری باشوورو رۆژئاڤا رێگایان
پێنەدراو لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە دەستگیركران و گەڕێندرانەوە.
پانۆرامای هێزە سەربازییە بیانییەکان لە سووریا و پێگەی ئینتەرناسیۆنالیزمی
هێزە چەپەکان نزیک لە یەپەگە، بە هۆی فرەنەتەوەیی و فرەئایینیی وڵاتی سووریا لە لایەک و دەستتێوەردانی
زۆری وڵاتانی دەرەوە لە کاروباری ئەو وڵاتە لە لایەکی تر، ژمارەیەکی زۆر لە هێزی بیانی
لە سووریا دەرکەوتوون، کە بە شێوەیەکی گشتی بریتین لە چوار وڵاتی سەرەکی (ئەمریکا،
تورکیا، ئێران، ڕووسیا)، لەگەڵ هێزە فرەنەتەوە چەپەکان، کە وەک هاوپشتیی نێونەتەوەیی
بۆ هێزە کوردییەکان و یەپەگە، هاتوونەتە ئەو وڵاتە.
ئێران
سەبارەت بە ئێران، کە تا کەوتنی ئەسەدیش زیاتر لە (50) بنکەی سەربازی
و نزیکەی (500) خاڵی سەربازیی لەو وڵاتە هەبوو، لە پاش کەوتنی ئەسەد لە هەشتی دیسەمبەر،
لە ماوەیەکی زۆر کەمدا و دوو ڕۆژ دواتر ڕای گەیاند "کە وڵاتەکەی هیچ بوونێکی
سەربازیی لە سووریا نەماوە و تەواوی هێزەکانی خۆی لەو وڵاتە کشاندۆتەوە".
یەکێک لە هێزە میلیشیاکانی سەر بە ئێران، کە بە لیوای ئەفغانییەکان یاخود
فاتمییەکان ناسراوە، یەکێک بوو لەو هێزانەی شانبەشانی هێزەکانی ئەسەد دژ بە ئۆپۆزسیۆن
دەجەنگا. ئەم هێزە سەرەتای دامەزراندنەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی (1980) و سەرەتاکانی
جەنگی عێراق و ئێران، ئەو کات بە هۆی کۆچی ژمارەیەکی زۆر لە ئەفغانییەکان بۆ ئێران
لە دەرئەنجامی داگیرکردنی ئەفغانستان لە لایەن یەکێتیی سۆڤیەتەوە، ئێران ئەم هەلە
دەقۆزێتەوە و لە ئەفغانییە شیعەکان لیوایەک دروست دەکات، کە سەرەتا بە "ئەبی
زەڕ" ناسرابوو، دواتر لە سەروبەندی جەنگی دژ بە داعش ناوەکەی گۆڕا بۆ
"فاتمییەکان". دامەزرێنەری ئەم هێزە (عەلی ڕەزا تەوەسولی) بوو، کە ساڵی
(2015) لە یەکێک لە ڕووبەڕووبوونەوەکانی سووریادا کوژرا. جێگەی باسە ژمارەی ئەندامانی
ئەم هێزە نزیکەی (14) هەزار سەرباز دەبێت.
بە شێوەیەکی گشتی نزیکەی (24) هێزی شیعە مەزهەبی سەر بە ئێران لە خاکی
سووریادا بڵاو ببوونەوە و ئەرکی جیاجیا و هاوبەشیان پێ سپێردرابوو.
ڕووسیا
ڕووسیاش لەم بارەیەوە هیچی نەدرکاندووە، ئەگەری نزیکیش ئەوەیە تا پێکهێنانی
حکوومەتی نوێێ سووریا و ڕوونبوونەوەی بارودۆخەکان لەوێ بمێنن. ڕووسیا هەر لە سەرەتاکانی
سەرهەڵدانی داعشەوە بە هێزێکی گەورە و بە نزیکەی (70) هەزار سەرباز بە ناو پانتایی
خاکی سووریادا بڵاو بووەوە، بەڵام لە ساڵی (2022) بە هۆی جەنگی ئەو وڵاتە لەگەڵ ئۆکرانیا،
ژمارەی سەربازەکانی کەم کردەوە و هەندێک لە سەربازەکانی گواستەوە بۆ بەرەکانی جەنگ
لە ئۆکرانیا.
ئەمریکا
لای خۆیەوە ئەمریکا، کە بە گوێرەی دوایین ئامارەکان ژمارەی سەربازەکانیان
تەنها (800) سەربازە و وەک هێزێکی فریاکەوتن لەو وڵاتە جێگیر کراون، لەسەر زاری سەرۆکی
ئەمریکا (دۆناڵد ترەمپ) ڕای گەیاند کە سووریا وڵاتێکی دۆستی ئەمریکا نییە، پێویستە
لەسەر ئێمە خۆمان لە شەڕێکەوە نگلێنین کە شەڕی ئێمە نییە. بەڵام لای خۆیەوە وەزارەتی
بەرگریی ئەمریکا ڕایگەیاند کە ئەرکی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا کۆتایی نەهاتووە و
هێشتا جەخت لە شکستپێهێنانی ڕێکخراوی داعش دەکەن لە ناوچەکە و هێزەکانیان بەردەوام
دەبن لە پاراستنی هەر کەسێکی ئەمریکی کە بە کارێک لە سووریا ڕاسپێدردراوە.
تورکیا
تورکیاش کە بە پاساوی پاراستنی ئاسایشی وڵاتەکەی لە بەرامبەر هێزەکانی
پارتی کرێکارانی کوردستاندا بوونی سەربازیی خۆی لە سووریا جێگیر کردووە، لە ساڵی
(2014) و وەک ڕێککەوتنێکی ئەمنی لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمان کە ڕێگەی پێ دان بۆ ماوەی
یەک ساڵ خاکی وڵاتەکەی بەکاربهێنن بۆ چوونە ناو سووریا و ڕووبەڕووبوونەوەی هێزەکانی
داعش، ئەم دەرفەتەی قۆستەوە بۆ دەستتێوەردان و بڵاوبوونەوەی خۆیشی بەو وڵاتەدا.
تورکیاش (126) پێگەی سەربازیی لە سووریا بڵاو کردەوە، کە زۆرینەی هەرە زۆریان لە حەلەب
و ئیدەلب بوون.