سەردێڕ:

٢٠٢٥ کورد لەسەر مێز دەبێت یان لە دەوری مێز

PM:10:31:26/12/2024
1660 جار خوێندراوەتەوە
فارس نەورۆڵی
+ -

ساڵی پار (٢٠٢٤) ئەگەر چی جەنگی جیهانی نەبوو، بەڵام لەفۆرمێکی دیکەدا و بە نوێنەرایەتی جەنگێک بوو جیهان بەڕێوەی دەبرد. جەنگێک کە سیمای سیاسی و ئابووری پێوە دیارە لە نێوان دوو ستراتیجی سیاسی و ئابووریدا بەڕێوەدەچێت، ئەویش لەپێناوی دابەشکردنەوەی جیهان بۆ نفوزی دەوڵەتە گەورەکان لە ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ تەواوکردنی ئەو جەنگ و ململانێ نێو دەوڵەتی و ئیقلیمییەدا بەڕێوەبەرانی ئەوجەنگ و ململانێیانە  پێشبینی کراوە.

ساڵی (٢٠٢٥) ساڵی یەکلایی کردنەوەی کێشەکان بێت لەنێوان زلهێزەکاندا لەڕێگای جێ گۆڕکێ و ڕێککەوتن لەسەرمێزی گفتوگۆ بە گۆڕینەوەی بەرژەوەندییەکانیان لەهەمانکاتدا بەدەستکاری کردنی پێگەی هێزی دەوڵەتانی ئیقلیمی و کەمکردنەوەی نفوزی سیاسی و هەواڵگرییان لە ناوچەکەدا و کەم کردنەوەی کاریگەرییان لەسەر ئاسایش و بەرژەوەندی دەوڵەتە گەورەکانی جیهان لەناوچەکەدا و سنوردارکردنی فراوانخوازییان.

لەم دۆخەدا و لە (٢٠٢٥)دا بە باوەڕی من ساڵی کورد دەبێت بە ئەرێنی یاخود نەرێنی ئیتر چارەنوسی کورد فاکتەری دەرەکی و فاکتەری ناوەکی دیاریدەکات لەئاستی دەرەوەدا کورد چەندە دەتوانێ بەرژەوەندی ئەوانی دیکە لە تەک خۆیدا تەریب کات واتە وەک دوو هێزی هاوبەرژەوەندی ئابووری و سیاسی واتە دروستکردن و پاراستنی بەرژەوەندی بۆ ئەوان بۆئەوەی بەرژەوەندیەکانی کورد بپارێزن ، لە هەمانکاتدا فاکتەری ناوخۆیی دەبێت بە ووردی لەبەر چاو بگیرێ بۆ ئەوەی هاوسەنگ لەتەک فاکتەری دەرەکیدا رێ بکات. پێویستە لە (٢٠٢٥)دا کورد دروست لە تەک  پێشهاتەکاندا مامەڵە بکات و خاڵی جەوهەری و دروست داڕنینی ئەم کینە سیاسیە و لوتبەرزی و یەکتر نەخوێندنەوەی حزبی کوردیە، ئەم قۆناغە پێویستی بە داڕنین و سڕکردنی ئەم ڕەفتارانە هەیە، چونکە ساڵی (٢٠٢٥) ساڵێکی هەستیار دەبێت بۆ کورد.

بۆیە دەبێت ئەقڵانی سیاسەت بکات قسەیەکی بەناوبانگی جەواد زەریف هەیە کە دەڵێ: (لەسیاسەتدا دەبێت یا لەدەوری مێز بیت یان لەسەر مێز بیت). واتە ئەگەر لەدەوری مێز بیت ئەوا کارەکتەرێکی کارادەبیت و دانوستاندن  دەکەی خۆ ئەگەر لەسەر مێز بیت ئەوا وەک کاڵا  مامەڵەت پێوەدەکرێت. ئەم یارییە وەک نەشتەرگەری مێشک وایە بچوکترین هەڵە نەخۆشەکە دەمرێت، بۆیە پێویستمان بەئەقڵ و لەخۆ بردوییەو  پێویستمان بە( عەقڵانییەتی ئامرزای هەیە)، چونکە ساڵی (٢٠٢٥) تاڕادەیەکی زۆر ساڵی یەکلاکردنەوەی کێشەکانی ساڵانی پێشوترە و چارەنوسی کورد لە (٢٠٢٥) تاڕادەیەکی زۆر ڕوون دەبێتەوە و دیاری دەکرێت. بۆیە دەبێت سەرکردایەتی حیزبی کوردی کارێک نەکەن کورد لەسەر مێز بێت، بەڵکو وەک کارەکتەرێکی وریا لەدەوری مێزەکە بێت و مامەڵە بکات نەک مامەڵەی پێوە بکەن زۆر وێستگەی مێژوویی هەیە کورد لەسەر مێز بو ە  و وەک کاڵا مامەڵەی  پێوە کراوە لە نێوان دەوڵەتە خاوەن بەرژەوەندییەکاندا  داهاتوومان پابەندە بەوەی ئەم جارە لەسەر مێز نەبین بەڵک و لەدەوری مێزبین.

گەلەری