سەردێڕ:

لە رووداوێکی هاتوچۆدا نۆ کەس بریندار بوون؛ برینی بەشێکیان سەختە

PM:10:47:15/10/2024

4348 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سۆران رایگەیاند، بەهۆی رووداوێکی هاتوچۆوە لەسەر رێگەی سۆران - خەلیفان نۆ کەس بریندار بوون. چاوگێکیش لە نەخۆشخانەی ئاشتیی سۆران بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، برینی دووان لە بریندارەکان سەختە و رەوانەی هەولێر کراون.


ئەمڕۆ سێشەممە، بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سۆران راگەیەنراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا هاتووە، لەسەر رێگەی سۆران - خەلیفان لە گەلی عەلی بەگ رووداوێکی هاتوچۆ لە جۆری لێکدان روویداوە.

ئاماژە بەوەش کراوە، رووداوەکە لە جۆری لێکدان بووە و لە نێوان ئۆتۆمبێلێکی جۆری تۆیۆتا لاندکروزەر و نیسان سەنیدا روویداوە، بەهۆی رووداوەکەشەوە نۆ کەس بریندار بوون.

لەبارەی دۆخی بریندارەکانیش، چاوگێک لە نەخۆشخانەی فێرکاریی ئاشتیی سۆران بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، نۆ بریندار گەیەنراونەتە نەخۆشخانەکەیان و دووان لە بریندارەکان بەهۆی سەختی برینەکانیانەوە رەوانەی هەولێر کراون.

وتیشی" دۆخی بریندارەکانی دیکە جێگیرە و چارەسەری پێویستیان بۆ دەکرێت".

رووداوەکانی هاتوچۆ ساڵانە دەبنە هۆی گیانلەدەستدان و برینداربوونی سەدان کەس لە هەرێمی کوردستان، هۆکاری زۆرینەی رووداوەکانیش، خراپی دۆخی رێگاوبانەکانی هەرێمی کوردستانە.

کەریم کەیفی - سۆران












گەلەری