سەردێڕ:

کاریگەرییەکانی خواردنەوەی چا لەسەر هەرسکردنی خۆراک چین؟

PM:06:09:15/10/2024

2320 جار خوێندراوەتەوە

تا ئێستا چەندین توێژینەوەی تایبەت لەسەر خواردنەوەی چا و کاریگەریی لەسەر جەستەی مرۆڤ ئەنجامداوە و زۆرینەیان ئەوەیان ئاشكرا کردووە، سەرەڕای سوودە گرنگەکانی چا، ئەگەر لەکاتی گونجاودا نەخورێتەوە زیانی تەندروستیی لێدەکەویتەوە.


بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی "هێڵث ئینۆڤەیشن ئێکسچەینج"، ئەو ماددە تفتەی لە چای سروشتیدا هەیە، کاریگەریی خراپی دەبێت لەسەر کرداری هەرس لە جەستەی مرۆڤدا، ئەگەر راستەوخۆ پاش نانخواردن بخورێتەوە.

لە حاڵەتێکی دیکەدا ئەگەر ژەمی خواردنەکە لە پڕۆتین پێکهاتبێت، ئەوا ئەو ماددە تفتەی لە چادا هەیە کار لە پڕۆتینەکە دەکات و کرداری هەرس ئاڵۆزدەکات و دوایدەخات. جگە لەوەش کاریگەریی لەسەر ماددەی ئاسن دادەنێت و ناهێڵێت بڕی پێویست بگات بەجەستە.

ئەمە لەکاتێکدایە، ئاسن رەگەزێکی گرنگە لە جەستەدا بۆ رێکخستن و گەیاندنی ئۆکسجین بە بەشەکانی جەستە و کەمی ئاسن لەخوێندا گرفتێکی تەندروستییە کە ئەگەری هەیە ببێتە هۆی مردن.

ئەوەش هاتووە، بەپێی توێژینەوەیەکی زانستی، راستەوخۆ خواردنەوەی چا دوای نانخواردن مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییە درێژخایەنەکانی دڵزیاد دەکات.

لەلایەکی دیکەوە، توێژینەوەیەکی پزیشکیی چینی ئەوەی ئاشکرا کردووە، خواردنەوەی چای سروشتی راستەوخۆ پاش نانخواردن ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە زیاد دەکات، بەتایبەتی لەو کەسانەدا کە جگەرەی لەگەڵدا دەکێشن.

هەموو ئەمانە لەکاتێکدایە کە چەندین توێژینەوەش لەسەر سوودەکانی چا ئەنجامدراوە و سوودەکانی خواردنەوەی چایان ئاشکراکردووە، بەو مەرجەی لەکاتی گونجاودا بخورێتەوە.

چەندین لێکۆڵینەوە لە وڵاتانی‌ ئەمریکا و چین، ئەوەیان ئاشکرا کردووە، بەھۆی‌ بوونی‌ رێژەیەکی‌ بەرزی‌ دژە ئۆکسێنەرەکان لە چادا رێ لەگەشەی بەکتریا دەگرێت، یارمەتی‌ پتەوکردنی‌ ئێسکەکان دەدات و رێ لەھەوکردنی‌ کڕکڕاگەکان دەگرێت، بەسوودە بۆ دوورکەوتنەوە لە نەخۆشیەکانی‌ دڵ، دەبێتە ھۆی‌ دابەزاندنی‌ کێش و کەمکردنەوەی‌ کۆلیسترۆل لە خوێندا و ھاوسەنگی‌ ئاو لە لەشدا رادەگرێت.













گەلەری