سەردێڕ:

عێراق: چەند هایپەرمارکێتێک دەکەینەوە بە نرخی پاڵپشتیکراو کەلوپەل و پێداویستی دابین بکەن

PM:05:32:15/10/2024

824 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی بارزگانیی عێراق رایگەیاند، چەند هایپەرمارکێتێک دەکەنەوە، کە بە نرخی پاڵپشتیکراو خۆراک و کەلوپەل و پێداویستی بۆ هاوڵاتیان دابین دەکەن.


وەزارەتی بازرگانیی عێراق رایگەیاندووە، چەند هایپەرمارکێتێک لە بەغدا دەکەنەوە، کە خۆی لە پێنج بۆ شەش لقدا دەبینێتەوە.

باسی لەوەش کردووە، لە ئێستادا کارە هونەرییەکان تەواو بووە، وەزارەتەکە سەرقاڵی دیاریکردنی وادەیەکە بۆئەوەی بە ئامادەبوونی هاوڵاتیان ناوەندەکان بکەنەوە.

ئەوەش هاتووە، وەزارەتی بارزگانی دەیەوێت لەرێگای ئەو ناوەندانەوە پاڵپشتی بەرهەمی ناوخۆ و دەستی کاری گەنجان بکات و هەلی کاریان بۆ بڕەخسێنێت.

ئاماژەی بەوەش کردووە، لە ناوەندەکەدا سەرجەم کەلوپەل و پێداویستییەکان و خۆراک بەردەست دەبێت، لەناویاندا بابەتە شیرەمەنییەکان و گۆشتی سوور و گۆشتی سپی.

لە راگەیەنراوەکەدا وەزارەتی بازرگانی ئەوەشی خستووەتە روو، لەو ناوەندانەدا سەرجەم ئەو پێدایوستییانە بە نرخی کەمتر لە بازاڕ بۆ هاوڵاتیان دابین دەکرێت، ئەوەش لەپێناو ئەوەی ببنە هاوکار و پاڵپشتی بۆ فەرمانبەران و خێزانە کەمدەرامەتەکان و ئەوانەی داهاتیان سنووردارە.

وەزارەتەکە راشیگەیاندووە، ئەم هایپەرمارکێتانە دەبنە ناوەندێک بۆ کێبڕکێکردن لەگەڵ کەرتە تایبەتەکاندا نەوەک جێگرەوەیان، ئەوەش هەرزانکردنی نرخ بەدی دەهێنێت و لەڕێگایەوە نرخ لە بازاڕدا جێگیر دەبێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، عێراق بەردەوام ناوەندی بازاڕکردن دەکاتەوە، کە کەلوپەل و خۆراک بە نرخی پاڵپشتیکراو بۆ هاوڵاتیان دابین دەکەن، ئەوەش وادەکات کێبڕکێ لەنێوان کەرتە تایبەتەکان و ئەو بازاڕە حکومییانەدا دروست ببێت و لە کۆتاییدا دەبێتە هۆی هەرزانی و جێگریی نرخ و هاوڵاتیان لێی سوودمەند دەبن.













گەلەری