سەردێڕ:

کاریگەرییەکانی وەرزی پایز لەسەر پێست چین؟

PM:11:53:14/10/2024

2104 جار خوێندراوەتەوە

لەدوای تەواوبوونی وەرزی هاوین و هاتنی وەرزی پایز بەهۆی فێنکبوونی کەشوهەواوە بە وەرزێکی خۆش دادەنرێت بەڵام وەرزی پایز بە وەرزێکی زۆر باش دانانرێت بۆ پێست، بە ئەنجامدانی چەند ڕێوشوێنێکی تایبەت دەتوانیت کاریگەرییە نەرێنییەکانی وەرزەکە لەسەر پێست کەم بکەیتەوە.


پزیشکی پسپۆڕی جوانکاری دکتۆرە سەرگوڵ مەغدید باس لەوشتانە دەکات کە دەکرێت بەهۆی هاتنی وەرزی پایزەوە توشیان ببیت و ئەمانەن:

یەکەم: وشکبوونی پێست بەهۆی کەمبوونی ڕادەی شێ لە هەوادا کە دەبێتە ھۆی دروستبوونی توێشکی سپی لەسەر پێست وخوران و سووربوونەوەی پێست.

دووەم: سەرهەڵدانەوە و خراپ بوونی ئێکزیما لەو کەسانەی ئێکزیمایان هەیە بە تایبەتی لە منداڵاندا.

سێیەم: ئەو کەسانەی نەخۆشی گوڵیان هەیە بارودۆخییان خراپ دەبێت بەهۆی گۆڕانی گەرمی و ساردی و زیاتر خواردنی کافایین لەم وەرزەدا.

چوارەم: ئەوانەی ئێکزیمای چەوریان هەیە لەم وەرزەدا خراپتردەبن و توشی توێشکی و سووربوونەوە دەبن لە ناو سەر و سەر برۆ و لای کەپوو و سینگیاندا.

پێنجەم: هەندێک نەخۆشی دیکە هەیە کە لە هاوین بەرەو باشی دەچن بەهۆی کاریگەری تیشکی خۆر لەوانەیە لەم وەرزەدا خراپترببن، بۆ نمونە نەخۆشی سەدەفییە.

دکتۆرە سەرگوڵ ئاماژەی بەوەشکردووە بۆ خۆپارێزی و کەمکردنەوەی کاریگەری ئەم وەرزە لە سەر پێستمان باشترین شت کەمکردنەوەی ماوەی خۆ شوشتن و دوور کەوتنەوە لە بەکارھێنانی ئاوی گەرم و لیفکە، هەروەها زۆر گرنگە کە کرێمە شێدار کەرەوەکان بەشێوەیەکی رۆژ انە و رێکوپێکی بەکاربهێنین.














گەلەری