سەردێڕ:

ئۆپۆزسیۆنی لیتوانیا زۆرترین دەنگی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی وڵاتەکەدا بەدەستهێنا

PM:09:37:14/10/2024

1448 جار خوێندراوەتەوە

جارێکی تر پارتێکی ئۆپۆزسیۆن سوپرایزی کرد و لە لیتوانیا وڵاتە بچوکەکەی سەر دەریای بەڵتیق زۆرترین دەنگی لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەماندا بەدەستهێنا و بەسەر پارتی دەسەڵاتداردا سەرکەوت.


لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی لیتوانیا، پارتی سۆسیالیست دیموکراسی ئۆپۆزسیۆن کە پارتێکی چەپڕەوە، ڕێژەی٢٠٪ ی دەنگەکانی مسۆگەر کرد و بەسەر ١٤ پارت و هاوپەیمانیدا سەرکەوت.

لە بەرانبەریشدا پارتی مەسیحی یەکێتی نیشتیمانیدەسەڵاتدار بەسەرۆکایەتی ئینگریدا سیمۆنیتە تەنیا ١٥٪ـی دەنگەکانی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی لیتوانیای بەدەستهێنا و لە پلەی دووەمدایە، ڕێژەی بەشداریش لە هەڵبژاردنەکاندا نزیکەی ٥٣% بووە، کە بەراورد بە هەڵبژاردنەکەی ڕابردوو بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.

بەپێی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکەش، هاوپەیمانى دەسەڵاتدار کە لە سێ پارت پێکهاتووە ئەستەمە بتوانێت لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە و ئەگەر زۆرە ئۆپۆزسیۆن جڵەوی دەسەڵات لەو وڵاتەی سەر دەریای بەڵتیق بگرێتە دەست، کە ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی دوو ملیۆن و ٨٠٠ هەزار کەسە.

لەو چوارچێوەیەدا پارتی سۆسیال دیموکراتی ئۆپۆزسیۆن بەڵێنیداوە قەبارەی باج لەسەر ئەو خێزانانەنە کەمبکاتەوە کە خاوەن منداڵن، هەروەها مووچەی خانەشنینان بەرز بکاتەوە و بودجەی پێویست بۆ خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان زیاد بکات و باج لەسەر ماددە خۆراکییەکان بۆ کەمترین ئاست سوک بکات.

بە وتەی چاودێرانیش پێشبینیش ناکرێت ئەنجامی هەڵبژاردنەکە گۆڕانکاریی ئەوتۆ لە سایەتی دەرەوەی لیتوانیا دروست بکات، بە تایبەتی لە پشتگیریکردنی ئۆکرانیا دژ بە هەڕەشەکانی ڕوسیا.

ئەوە لە کاتێکدایە زۆرێک لە گەلی لیتوانیا لە پارتی دەسەڵاتدار بێزاربوون و بڕیایاندا لە هەڵبژاردنەکاندا سزای بدەن، کە پێیان وایە لەسیایەی ئەو دەسەڵاتە نەیانتوانیوە دەستیان بە خزمەتگوزارییەکانی چاودێری تەندروستی بگات، هەروەها ڕەخنەی زۆریان لە سەرۆکی حکومەت گرتووە بەهۆی خراپ مامەڵەکردنی لەگەڵ ئەو کۆچبەرانەی لە ڕێگەی بیلاڕوسەوە دەگەنە ئەو وڵاتانە.

لەم گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنەشدا کێبڕکێ لەسەر نیوەی کورسییەکانی پەرلەمان کرا کە ژمارەیان ١٤١ کورسیە، هەرچی گەڕی دووەمیشە لە ٢٧ ی ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت، کە پێشبینی کرا بەهامن شێوەی گەڕی یەکەم پارتی ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە زۆرینەی کورسییەکان بەدەستبهێنێت.













گەلەری