سەردێڕ:

کۆمسیۆن: ١١٠ هەزار کارتی دەنگدان لە بنکەکانمان ماون و داوا دەکەین هاوڵاتیان وەریان بگرنەوە

PM:03:29:14/10/2024

1636 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی راگەیاندنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، تا ئێستا ٩٦٪ـی هاوڵاتیان کارتی بایۆمێتریی دەنگدانیان وەرگرتووەتەوە و تەنها ١١٠ هەزار کارت لە بنکەکانی کۆمسیۆن ماوە و چاوەڕوانن هاوڵاتیان سەردانیان بکەن بۆ وەرگرتنەوەیان.


ئەمڕۆ دووشەممە، ئەیسەر یاسین، وتەبێژی راگەیاندنی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ ئێن ئاڕ تی ئاماژەی بەوە کرد، نزیکەی دوو ملیۆن و ٧٩٠ هەزار هاوڵاتی کارتی بایۆمێتریی دەنگدانیان وەرگرتووەتەوە و تەنها ١١٠ هەزار کارتی دەنگدان لە بنکەکانی کۆمسیۆن ماونەتەوە.

ئەوەشی خستە روو، لە پارێزگای هەولێر ٩٨٩ هەزار و ٨٢٠ کارتی دەنگدان وەرگیراونەتەوە و تەنها ٢٥ هەزار و ٨٤٦ کارت لە بنکەکانی کۆمسیۆن ماون.

لە پارێزگای سلێمانی ملیۆنێک و ٧٣ هەزار و ٦٧١ کارتی دەنگدان وەرگیراونەتەوە و تەنها ٧٢ هەزار و ٤٠٠ کارت لە بنکەکانی کۆمسیۆن ماون.

لە پارێزگای دهۆکیش، ٧٢٥ هەزار و ٧٠٩ کارتی دەنگدان وەرگیراونەتەوە و تەنها ١٢ هەزار و ٨٤٦ کارت لە بنکەکانی کۆمسیۆن ماونەتەوە.

باسی لەوەش کرد، کۆتا وادە بۆ وەرگرتنەوەی کارتی بایۆمێتریی دەنگدان لە بنکەکانی کۆمسیۆن کاتژمێر ٣:٠٠ـی پاشنیوەڕۆی سبەینێ سێشەممەیە، تا ئێستاش هیچ بڕیارێک نییە بۆ درێژکردنەوەی وادەکە،بۆیە داوا لە هاوڵاتیان دەکەن بە زووترین کات سەردانیان بکەن و کارتەکانیان وەربگرنەوە، تا مافی بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان نەفەوتێت.

ئەوەش لەکاتێکدایە، رۆژی ٢٠ـی ئەم مانگە، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بە سەرپەرشتی کۆمسیۆنی عێراق و بە چاودێریی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەڕێوە دەچێت، هەڵبژاردنەکەش دەبێتە یەکەمین هەڵبژاردن لە مێژووی هەرێمی کوردستان، کە بە فشاری نێودەوڵەتی و بەدەر لە ویستی پارتی و یەکێتی بەڕێوە بچێت، چاوەڕوانیش دەکرێت دوای ٣٣ ساڵ، هاوڵاتیان کۆتایی بە دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی بهێنن و تۆڵەیان لێ بکەنەوە.












گەلەری