سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، دەبێت لە رۆژی ٢٠ـی ١٠ هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد لە هەرێمی کوردستان بەڕێوە بچێت، ئەوەش بۆ هێنانەدی خواستی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان.
محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقدا کۆبووەوە و رایگەیاند، دەبێت بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پڕۆسەیەکی پاک و بێگەرد بێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، دەبێت پارێزگاری لە دەنگی دەنگدەرانی
هەرێم بکرێت و هەموو رێکارە پێویستەکان ئەنجامبدرێت بۆ بەڕێوەچوونی ئەو پڕۆسە دیموکراسییە
گرنگە.
ئەوەشی خستەڕوو، پشتگیری حکومەت دەکەن لە بەڕێوەبردنی
هەڵبژاردندا و هەموو کەرستە پێویستەکانی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن دابینکراون.
دەشڵێت، پێویستە کارمەندانی کۆمسیۆن و سەرپەرشتیاران
بەجۆرێک ئەرکەکەیان بەڕێوەببەن، کە دڵنیایی بدەنە دەنگدەران لە پارێزراوی
دەنگەکانیان.
بڕیارە رۆژی ٢٠ی ئەم مانگە هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى
کوردستان بەڕێوەبچێت و یەکەمجاریشە کۆمسیۆنى عێراق سەرپەرشتى هەڵبژاردنى پەرلەمانى
کوردستان دەکات و هەڵبژاردنەکەش لەلایەن ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە بە چڕی
چاودێریی دەکرێت.