سەردێڕ:

بازرگانیی عێراق: سێ بازاڕی ناوەندی دەکرێنەوە کە نرخەکانیان بەراورد بە بازاڕ ٢٠٪ کەمترن

PM:06:59:10/10/2024

1148 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی بازرگانیی عێراق رایگەیاند، لە دوو هەفتەی داهاتوودا سێ بازاڕی ناوەندی لە بەغدا دەکرێنەوە و نرخی خۆراک و شتومەکەکان تیایاندا ٢٠٪ کەمترە بەراورد بە نرخی بازاڕ بەتایبەت نرخی مریشک و گۆشتی سوور و ماسی.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، لاما هاشم موسەوی بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بازرگانیی خۆراک لە وەزارەتی بازرگانیی عێراق رایگەیاند، کارەکان بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی تایبەت بە کردنەوەی بازاڕی ناوەندی لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکومەت بۆ کۆنتڕۆڵکردنی نرخەکان بەردەوامە.

ئاماژەی بەوەش کرد، لە ئەنجامی بەردەوامی هەوڵەکان، لە دوو هەفتەی داهاتوودا سێ بازاڕی ناوەندی لە بەغدا دەکرێنەوە و تیایاندا خۆراک و شتومەکەکان بە نرخی ٢٠٪ کەمتر لە نرخی بازاڕ بە هاوڵاتیان دەفرۆشرێت.

باسی لەوەش کرد، زۆربەی ئەو خۆراک و شتومەکانەی کە لەو بازاڕانەدا دەفرۆشرێن، کوالێتیان بەرز و گونجاوە و جێی متمانەن.

ئەوەشی خستە روو، جێبەجێکردنی پڕۆژەکە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق دەگرێتەوە و یارمەتیدەر دەبێت لە رێگریکردن لە بەرزبوونەوەی نرخەکان.

ئەوەش لەکاتێکدایە، بە ئامانجی کۆنتڕۆڵکردنی نرخەکان و رێگریکردن لە بەرزبوونەوەیان تا دێت حکومەتی عێراق هەنگاوەکانی چڕتر دەکاتەوە و کارئاسانی بۆ هاوڵاتیان دەکات.













گەلەری