بانکی بازرگانی عێراق تی بی ئای رایگەیاند، چەند رێوشوێنێکیان بۆ جێگیرکردنی نرخی دۆلار و رێگریکردن لە قۆرغکردنی بازاڕ گرتووەتەبەر.
ئەمڕۆ چوارشەممە، یەعرەب هاشمی بەڕێوەبەری بەشی راگەیاندنی تی بی ئای رایگەیاند، بانکەکە چەند رێوشوێنێکیان بۆ جێگیرکردنی نرخی دۆلار و رێگریکردن لە قۆرغکردنی بازاڕ و کۆنترۆڵکردنی نرخەکان گرتووەتەبەر.
باسی لەوەش کردووە،
یەکێک لە رێکارەکان زیادکردنی دەوامی فەرمانبەرەکانی بانکەکەیە و ئەوەش بووەتە هۆی
خێراکردنی رایی کردنی کاروباری بازرگانان و کۆتایی هێنان بەو ئاڵۆزییەی هەیە.
ئەوەشی خستووەتە روو، کۆمەڵێک
رێکاری دیکە هەیە کە یەک لە دوای یەک دەگیرێنە بەر کە کاریگەرییەکی ڕوونیان دەبێت
لە کۆنترۆڵکردنی نرخی ئاڵوگۆڕکردن و ڕێگریکردن لە قۆرغکاری و سنووردارکردنی پێدانی
دۆلار بە سودمەندان بە نرخی فەرمی.
دوا بەدوای هێرشەکانی
ئەم دواییەی ئێران بۆسەر ئیسرائیل، گۆڕانکاری بەسەر نرخی دراو و نەوتدا هات و
هەردووکیان بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبوونەوە، بەجۆرێک نرخی ١٠٠ دۆلار گەیشتە خانەی
١٥٤ هەزار و ١٥٥ هەزار.
ئەمڕۆش، بانکی ناوەندیی
عێراق بە تێكڕا زیاتر لە ٢٦٢ ملیۆن دۆلاری بە شێوەی کاش و حەواڵەی دەرەکی فرۆشتووە
و لە ئێستادا لە بازاڕەکانی هەرێم ١٠٠ دۆلار بە ١٥٣ هەزار و ٢٥٠ دینار مامەڵەی پێوە
دەکرێت.